عێراق باشترین برنجی تایلەندی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکات
  2022-11-24       452       

وەزارەتی بازرگانیی عێراق لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە کەشتییەک بە بارێکی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندیی گەیشتۆتە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق کە لەڕێگای بەرنامەی سەبەتەی خۆراکییەوە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت، باسی لەوەشکردووە کە برنجەکە لە باشترین جۆر برنجی تایلەندییە.

ئاوێنە: لەبەیاننامەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراقدا هاتووە: کەشتییەک بەبارێکی 42 هەزار تۆن برنجی تایلەندی گەیشتۆتە ئاوە هەرێمییەکانی عێراق کە وابڕیارە لەچوارچێوەی بەرنامەی سەبەتەی خۆراکییدا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە کە تیمی چاودێریی بازرگانیی دەستیانکردووە بە ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی سەرەتایی بۆئەوەی لە کوالێتی برنجەکە دڵنیا ببنەوە بەر لەوەی بگاتە بەندەرەکانی عێراق.

ئەوەش هاتووە: نموونەی برنجەکان دەنێردرێن بۆ تاقیگەی ناوەندیی کۆنترۆڵی جۆریی لەبەغدا بۆئەوەی سەرجەم پشکنینە پێویستەکانی بۆ ئەنجام بدرێت و ئەوە پشتراست بکرێتەوە کە بۆ خواردنی هاوڵاتیان شیاوە بەرلەوەی رادەستی بریکارەکانی خۆراک بکرێت.

لەبەیاننامەکە هەروەک دەڵێت: جۆری ئەو برنجەی لە تایلەندەوە هاوردەکراوە و گرێبەستی بۆکراوە لە جۆری برنجی سپیی دەنک درێژە کە بەیەکێک لە برنجە هەرە باشەکانی جیهان هەژمار دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×