هەسەدە ئامارێكی نوێی هێرشەكانی توركیای بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان بڵاوكردەوە
  2022-11-24       404       

هەسەدە ڕایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە، سوپای توركیا ١١٦ گوندو شارۆچكەی رۆژئاوای كوردستانی بۆردومان كردوەو لە ئەنجامدا دو شەڕڤان و كارمەندێكی ئاسایش شەهید بون، هەروەها جەختی لە بڕیاری خۆیان بۆ بەرپەرچدانەوە كردەوە.

ئاوێنە: ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماری هێرشەكانی توركیای بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان لە ڕۆژی ٢٣ی تشرینی دوەم بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتوە: توركیا بە هێرشەكانی بۆ سەر دامەزراوەكانی ناوچەكە تاوانی شەڕی نێودەوڵەتی دەكات، بە فڕۆكە هاوكاری داعش دەكات و دەیەوێت ئەندامانی داعش لە زیندان هەڵبێن، بە هێرشەكانی بۆ سەر كەمپی هۆل و زیندانەكان ئەوە ڕونبوەتەوە.

لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەی هەسەدەدا هاتوە، توركیا شەوی ڕابردو، هێرشی كردە سەر زیاتر ١١٦ گوندو شارۆچكە لە سەرتاسەری باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، فڕۆكەی شەڕو سیخوڕی و چەكی قورسی بەكارهێنا، نیازی بۆ كۆمەڵكوژی لەبەرچاو و ئاشكرایە، ئەو تاوانە داگیركەرییانە بێ وەڵام نامێننەوەو لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە هێزی خۆمان گەورە دەكەین و گەلەكەمان دەپارێزین.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكەی هەسەدە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانە لە تل تەمر دو شەڕڤان شەهید بون و سێ شەڕڤانیش برینداربون و لە زرگانیش خاڵێكی پشكنینی ئاسایش بە درۆن كرایە ئامانج و بەهۆیەوە ئەندامێكی ئاسایش شەهیدبو، سێ ئەندامی ئەو هێزەش برینداربون.

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هاوكات، لە قامیشلۆ بەهۆی هێرشی فڕۆكەی جەنگی بۆسەر شوێنێكی مەدەنی سێ هاوڵاتی برینداربون، هەروەها، لە دێركیش لە ئەنجامی هێرشی سوپای توركیا بۆسەر شوێنی دابەشكردنی سوتەمەنی، سێ مەدەنی برینداربون.

دوێنێش هەسەدە لە ڕاگەیەندراوێكدا باسی لەوەكردبو لە ڕۆژی ١٩ مانگەوە ٤٧ جار بە فڕۆكەی جەنگی، ٢٠ جار بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، ٣ هەزار و ٧٦١ جاریش بە كاتیوشا، تۆپ و هتد هێرش ئەنجامدراوە، لەو هێرشانەدا توركیا لە ناوچەی دێركەوە تا قامیشلۆ، حەسەكە، كۆبانێ، دێرەزور و شەهبای كردوەتە ئامانج.

ئاماژەی بەوەشكردبو، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا تائێستا؛ لە عەفرین ٥ شەڕڤانی كورد شەهیدبون، لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فوڕات شەش شەڕڤانی هەسەدەو ١٥ مەدەنی شەهیدبون، هەروەها ماڵی هاوڵاتیان، نەخۆشخانە، خوێندنگەو ژێرخانی خزمەتگوزاری تەندروستی و كۆمەڵایەتی وەك وێستگەكانی سوتەمەنی، سایلۆی گەنم زیانیان بەركەوتوە.

هەسەدە ڕاشیگەیاندبو، كە زیاتر لە ٢٥ سەربازی حكومەتی حكومەتی سوریا لەو هێرشانەدا كوژران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×