وەزیری بازرگانی عێراق: 650 هەزار تەن گەنم هاوردە دەکەین
  2022-11-25       431       

وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ چەندین بنکەی دانەوێڵەی جیهانی بۆ کڕینی گەنم گرێبەستیان واژو کردوە و بڕی ٣٠٠ هەزار تۆن گەنمیان کڕیوە، بەم شێوەیەش دەتوانن پێداویستی خۆراکی چەند مانگێکی سەرەتای ساڵی داهاتو دابین بکەن.

ئەسیر غەریری، وەزیری بازرگانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە، لیژنەی گرێبەستکارەکان لە وەزارەتی بازرگانی عێراق لەگەڵ چەند بنکەیەکی ستراتیژی دانەوێڵە گرێبەستیان کردوە بە کڕینی ٢٠٠ هەزار تۆن گەنمی ئوستورالی، جگە لەوەش ١٠٠ هەزار تۆن گەنمی کەنەدیان کڕیوە بۆ بەدەستخستنی پێداویستی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی داهاتو.

ئاماژەی بەوەشدا، رێنماییەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ دابینکردنی گەنم و هەوڵەکانی لەگەڵ لیژنەی گرێبەستکاران، گەیشت بە ئەنجامی کڕینی ٦٥٠ هەزار تۆن گەنم لە بنکە جیهانییەکان، ئەمەش لە پێناو دابینکردنی پێداویستی خۆراکی مانگەکانی سەرەتای ساڵی داهاتوی هاوڵاتیان.

ئەوەشی خستەڕو، هەوڵەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق لە دابینکردنی گەنم لە ئەنجامدا گرێبەستێکی گرنگی لێکەوتەوە کە بوە هۆی دابینکردنی بەشەخۆراکی هاوڵاتیان لە چەندین بنکەی جیهانی بیانی و ئەو بنکانەش بەشێکن لە ئەنجومەنەکانی گەنمی جیهانی و لە پێستریش وەزارەتی بازرگانی عێراق گرێبەستی دیکەی لەگەڵ ئەنجامداون و هیچ تێبنییەکی نەرێنی لەسەریان نەبوە.

باسی لەوەشکرد، وەزارەتی بازرگانی پێداویستی خۆراکی لە گەنم و خۆراکەکانی دیکە بۆ مانگەکانی سەرەتای ساڵی داهاوتو دابینکردوە، ئەویش لە چوارچێوەی پلانی ئاسایشی خۆراک.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×