وەزیری كار: دوای‌ پشكنینی‌ پزیشكيی موچە بۆ 14 هەزار خاوه‌ن پێداویستی تایبەت ده‌بەسترێت
  2022-11-27       430       

لەساڵی 2012وه‌ 14 هه‌زار خاوه‌ن پێداویستی‌ تایبه‌ت موچه‌كانیان ڕاگیراوه‌و  وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان-یش ده‌ڵێت، دوای‌ پشكنینی‌ پزیشكیی، موچەیان بۆ ده‌به‌سترێت.

ئاوێنه‌: كوێستان محەمەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندوه‌، لەساڵی 2012وە هیچ خاوەن پێداویستییه‌كی تایبه‌تی‌ نوێ تۆمار نەكرابو، ئێستاش ژمارەیەكی زۆر خاوەن پێداویستیی تایبەت هەیە کە موچەیان نییە.

وتیشی، بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەك پێكهاتووه‌و لیستێك ئامادە كراوە كە 14 هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەتی تێدایەو لیژنەیەكی تایبەت پشكنینیان بۆ دەكات، دواتر ئەگەر ڕێژەی كەمئەندامییەكەیان بەپێی ڕێنمایییەكانی وەزارەتی تەندروستی‌و دارایی بو، دەیبەنەوە ئەنجومەنی وەزیران تاكو فەرمانی تۆماركردن‌و خەرجکردنی موچەیان بۆ وەربگرن.

به‌وته‌ی‌ وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، "تەواوی ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی موچەی فەرمانبەری، یان خانەنشینییان هەبو، لەهەمانكاتدا 100 هەزار موچەی خاوەنپێداویستیی تایبەتیان هەبو، بۆیان خراوەتە سەر موچەكانیان‌و لەچوارچێوەی موچەی خاوەنپێداویستیی تایبەتدا نەماوە".

راشیگەیاند، "داواكارییمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزكردۆتەوە كە موچەی خاوەنپێداویستی تایبه‌ت بەپێی یاساو به‌گوێره‌ی‌ ڕێژەی پەكەوتەییان بێت، ئەنجومەنی وەزیران وەڵامی داوینەتەوەو پێی ڕاگەیاندوین كه‌ لەگەڵ باشبونی دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان یاساكە جێبەجێ دەكەین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×