پەرلەمانتارێك: قازانجی مانگانەی پاڵاوگەی لاناز نزیكەی 25 ملیۆن دۆلارە
  2022-11-29       774       

لە وەڵامی پەرلەمانتارێكدا كە وتویەتی، پاڵاوگەی لاناز نەبوایە لیترێك بەنزین بە "ملیۆنێك" بو، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: "پاڵاوگەی لاناز قازانجی لە بەنزین و سوتەمەنی مانگانە نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە، مەیکەن بە منەت بەسەرمانەوە."

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە"نەوتی ڕۆژئاوا بە هەرزان دەکڕن لەگەڵ نەوتی عەینزالە، تەنیا بۆ ئەوانە(لاناز)و کەس بۆی نییە نزیکی ببێتەوەو دەیپاڵێون و لیترێک بەنزین بە (١٠٥٠ دینار) دەدەنە حکومەت و حکومەت بە (٨٠٠) دینار دیفرۆشێتەوە. واتە: لەداهاتی گشتی پارە دەدرێتە لاناز."

وتوشیەتی"تەنیا لە بەنزین مانگانە نزیکەی ١٢ ملیۆن دۆلاری قازانجە ، جگە لە گازوایلەکەی. گازوایلەکەی کوالێتی باشە، بەبێ مۆڵەت ڕەوانەی تورکیای دەکات، قازانجی چەندین ملیۆن دۆلارە. بۆ بازاڕی کوردستانیش خراپترین گازوایلی ژەهراوی لە گۆڕەپانەکان تێکەڵ دەکرێت. جگە لە فرۆشتنی نەوتی ڕەش و قیر بە بازرگانی."

جەختیشی كردۆتەوە كە "تێکڕای قازانجی مانگانەی نزیکەی ٢٥ ملیۆن دۆلارە. واتە: نەوتی خام بە نرخێکی هەرزان دەستبکەوێت و بەرهەمە نەوتیەکان بە گران بفرۆشیت. ئەمە کوێی دەستکەوتە."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×