فەرماندەیەکی سوپای پاسداران هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکات
  2022-12-05       851       

فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، چاودێریی جموجۆڵی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستاندا دەکەن.
 
لەمبارەیەوە محەممەد تەقی ئوسانلو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بە میدیایەكی لوبنانی رایگەیاندوە: سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و هەرێمی کوردستان لەژێر کۆنترۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێراندایە، بەڵام "لە دیوی عێراقەوە جموجۆڵی تێکدەرانە" هەن.
 
ناوبراو ئاماژە بەوەشكردووە:"بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی داوایان لە بەرپرسانی کوردستانی عێراق کردووە کە گرووپە تیرۆریستییەکان هەڵبوەشێننەوە، بەڵام بەداخەوە هیچ جۆرە هاوکارییەک لەوبارەوە نەکراوە. ئەوان دەزانن کە ئێمە بە وردی بنکە و بارەگاکانی ئەو گرووپانە چاودێری دەکەین."
 
ئەوەشی وتوە: "دەمانتوانی سەرکردەیەکی ئەو گرووپانە بکەینە ئامانج، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوژین و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەیی لەگەڵ بووە، ئەو کارەمان نەکرد."
 
ئەوەشی خستووەتەڕوو، حکومەتی ئێران نزیکەی 23 کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنی بەرامبەر بۆ چارەسەری ئەو پرسە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە ئەنجامداوە و هەڵوێستی خۆی بە لایەنی عێراقی راگەیاندووە، "دۆسیەیەکی روونمان ئامادە کردووە لەبارەی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقن و داوامان کردووە رادەستی ئێرانیان بکەنەوە."
 
وتویەتیشی: ئەگەر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەندامانی ئەو گرووپانە خێراتر رادەست بکەن، دۆخەکە باشتر دەبێت و دەشڵێت، "دەزانین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەمریکا ناشارنەوە و ئێمە لەوبارەوە دەستوەردان ناکەین."
 
جەخت لەوە دەکاتەوە، دژی بوونی ئەمریکاییەکانن لەنزیک سنوورەکانی ئێران و دەڵێت، "کاتێک لەگەڵ ئەمریکییەکان رووبەڕوو دەبینەوە، ئەوە کوردستانی عێراقە کە دەبێت باجەکەی بدات. ئەمریکییەکان دەزانن کە ئێمە لەبارەی توانای سەربازی و جێگیرکردنی سەربازییان زانیاریی تەواومان هەیە و دەتوانین بیانکەینە ئامانج."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×