ھێمن ھەورامی: دوای روداوەكانی 8ی تەمموز ئەگەر کێشەکان لە سلێمانی زیادیان نەکردبێ کەمیان نەکردوە
  2022-12-05       706       

هێمن هەورامی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، دوای روداوەكانی 8ی تەمموزی نێو یەكێتی، ئەگەر کێشەکان لە سلێمانی زیادیان نەکردبێ کەمیان نەکردوە. دەشڵێت: ئەگەر چاكسازییەكانی مەسرور بارزانی نەبونایە، ئێستا قەوارەی هەرێم نەدەما.

ئاوێنە: هێمن هەورامی، ئەمشەو دوشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای حزبەكەی لەبارەی پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی وتی"پێش روداوی تیرۆركردنی هاوكار جاف، هەڵبەزو دابەزی زۆر لە پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتیدا هەبون، بەڵام لەدوای ئەو روداوەوە بەداخەوە بەشێك لە برایانی یەكێتی خۆیان خراپ سەغڵەت كردوە لەم بابەتەداو زۆر كێشە دروست دەكەن، زۆر بابەتی سیاسی ئەوروژێنن، زۆر ئاڵنگاری بۆ حكومەتی هەرێم دروست دەكەن، تەنها لەپێناو ئەوەی پەردەپۆشی رەوتی تەحقیقی ئەم بابەتە بكرێت، لەكاتێكدا ئەم بابەتە نە پەیوەندی بە پارتییەوە هەیە وەكو حزب، كەسیش نەیوتوە یەكێتی وەكو حزب بەرپرسە لەم بابەتە یان كەسێك لەناو یەكێتی. ئەمە روداوێكی تیرۆریستییە لە پایتەختی هەرێمی كوردستان كراوە."

ئەوەشی خستەڕو"ئەم روداوە یەكێكە لە هۆكارە ئەساسییەكانی گرژی پەیوەندییەكان و ئەو كێشانەی ئێستا دروست دەكرێن. كە پارتی بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ پەردەپۆشكردنی هیچ روداوێكی لەو شێوەیەدا نییە. ئێمە لەگەڵ ئەوەین ئەم بابەتە ئەمنی و حكومیانە لە پڕۆسەی سیاسی و ململانێی سیاسی جیابكرێنەوە."

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا هێمن هەورامی وتی"ئەو هەڵبەز و دابەزەی لە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی هەبو پێش روداوی 8ی تەمموزی نێو یەكێتی، ئەوترا هۆكارەكەی كەسێك و تاقمێكە لەناو یەكێتی و ئەگەر ئەمە نەمێنێت، ئەم هەڵبەزو دابەزانە و بەشێك لە كێشەكانی سنوری سلێمانی چارەسەر دەكرێن، ئەو كۆسپانەی بۆ چاكسازی لەبەردەم كابینەی نۆیەمدان چارەسەر دەكرێن، دەركەوت نەك ئەمانە چارەسەر نەكراون، بگرە ئەگەر زیادیان نەكردبێت، كەمیان نەكردوە."

وتیشی"كەواتە ئێمە پێویستمان بە موراجەعەیەكی زۆر وردو زۆر لەسەرخۆ هەیەو پێویستمان بە گفتوگۆیەكی وردو كراوە هەیە."

لەوەڵامی ئەوەی خۆزگە بەسەردەمی هاوسەرۆكیی نێو یەكێتی دەخوازن، هێمن هەورامی وتی"ئێمە هیچ خۆزگە ناخوازین. پەیوەندییەكانی ئێمە لەگەڵ كۆی یەكێتیدایە، نە لەسەر ئەساسی شەخسێك دروستكراوەو نە لەسەر ئەساسی شەخسێكیش كۆتایی پێ دێت. ئێمە و یەكێتی دو حزبی ئەساسی و شەریكی ئەساسین لەم وڵاتەدا، ئەبێ پەیوەندییەكانمان لەسەر بنەمای رێككەوتن وەكو دو حزب بن و بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشمان هەبێت و هەوڵ بدەین ئەو كێشانەی بۆ حكومەت دروست دەكرێن بەتایبەت لەلایەن بەشێك لە برایانی بەڕێزی یەكێتییەوە، ئەم بابەتە كۆتایی پێ بێت."

هێمن هەورامی، لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"ئەگەر چاكسازییەكانی مەسرور بارزانی نەبونایە، ئێستا قەوارەی هەرێم نەدەما."

ئەوەشی خستەڕو، خەرجییەكانی حكومەت لە 240 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 60 ملیۆن دۆلار كەمیكردەوە.

وتیشی، موچەی مانگانەی هەرێم پێویستی بە 911 ملیار دینارە لەو ژمارەیە 438 ملیار دیناری بۆ سلێمانییەو 356 ملیار دینار بۆ موچەی سلێمانی لە پارەی نەوت دەدرێت.

ئاماژەی بەوەشدا كە لە كابینەی نۆیەمدا 40 ترلیۆن دینار خەرجكراوە 16 ترلیۆن دیناری بۆ سلێمانی بوە.

بە قسەی هێمن هەورامی "لە سلێمانی ناتوانن باش ئیدارەی داهات بكەن، شەفافیەت لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی نییە."

لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنیش وتی"تەنیا پارتی و نەوەی نوێ دەیانویست هەڵبژاردن بكرێت، لایەنەكانی تر بیانویان دەهێنایەوەو لەگەڵ هەڵبژاردن نەبون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×