پارتى به‌ڵێنێكى سودانى به‌هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات
  2022-12-06       812       

وه‌فدێكى په‌رله‌مانیى پارتى له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كۆبونه‌وه‌، دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش وه‌فده‌كه‌ى پارتى به‌ڵێنێكى سودانى به‌هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات، وتوشیه‌تى:"هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كه‌ین بۆ شایستە داراییەكانی كوردستان".

ئاوێنە: وه‌فدێكى فراكسیۆنی پارتی له‌په‌رله‌مانى عێراق، سه‌ردانى محه‌مه‌د شیاع سودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ده‌كات، وه‌فده‌كه‌ ده‌ڵێت، كۆبونه‌وه‌كه‌یان تایبه‌ت بوه‌ به‌پرسى موچەو بودجەى هه‌رێمى كوردستان.

میدیاى نزیك له‌پارتى ئاشكرایكردوه‌، "كۆبونه‌وه‌كه‌ شه‌وى ڕابردوو ئه‌نجامدراوه‌و چەند پرسێكى وه‌ك كاراكردنەوەی مادەی 140، پارەی جوتیارانی كوردستان‌و جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال‌و موچه‌و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێمیان تاووتوێكردوه‌".

باس له‌وه‌شكراوه‌، هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا چارەسەركردنی كۆمەڵێك پرسی زۆر گرنگی په‌یوەست بەهەرێمی كوردستان، لەوانەش قەرەبوكردنەوەی ئاوارەكان، قەرەبوكردنەوەی خێزانی ئەنفالكراوان‌و شەهیدان، لەگەڵ پڕكردنەوەی بۆشایی ئه‌منی ناوچە كێشەلەسەرەكان‌و دەستبەكاربونی لیوای هاوبەش لەو ناوچانە، سەرباری ئەوانە مافە داراییەكانی پێشمەرگەو دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەستی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان، تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە بوە.

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ سودانی به‌وه‌فده‌ په‌رله‌مانیه‌كه‌ى پارتى وتوه‌، "بڕوام به‌پرەنسیپی هاوسەنگی‌و پێكەوەژیان‌و دادپەروەری لەمادەو یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2023 هه‌یه‌و به‌هه‌موو تواناشه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگى لەگەڵ حكومەتی هەرێم ده‌كه‌م بۆ پرسى شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×