قائیمقامیەتی سلێمانی ئاشكرای كردووە، بەهۆی لێچوونی غازەوە شوێنێكی تر داخراوە و سیستمی غازی كوشتارگەی سلێمانیش گیراوەتەوە.
ئاوێنه: رێكان جەمال سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی بە پەیجی فەرمی قائیمقامیەتی رایگەیەندووە، سیستمی غازی خواردنی خێرای "تەربوش" لێچونی هەبووە و تیمەكانی بەرگری شارستانی و لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت و كۆمپانیای تایبەتمەند سەردانی شوێنەكەیان كرد، بڕیاردرا تاوەكو ئەو كاتەی ئەو لێچوونە چارەسەر دەبێت لەپێناو رێگری لە روداوی نەخوازرا شوێنەكە دادەخرێت.
رونیشیكردووەتەوە، سیستمێكی نازانستی لەلایەن كەسانی نەشارەزاوە بۆ ئەو كوشتارگەیە دانراوە و هیچ مەرجێكی سەلامەتی تێدا نییە، بۆیە بڕیاری راگرتنی ئەو سیستمی غازە درا تاوەكو ئەو كاتەی كۆمپانیایەكی تایبەتمەند چاكسازی كە سیستمەكەدا دەكات و لەرووی سەلامەتییەوە كێشەی نامێنێت.
بە وتەی سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت، لە سلێمانیدا 35 كۆمپانیای تایبەتمەند كاری سیستمی غاز دەكەن، هەر شوێن و ماڵێك بیانەوێت لە سیستمی غازەكەیان دڵنیا بن ئەو كۆمپانییانە تێستی سیستمەكەیان بۆ دەكەن و مەترسی نامێنێت.
