سودانی: بانكی ناوەندی چەند رێوشوێنێكی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار گرتونەتەبەر
  2022-12-19       489       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، دابەزینی بەهای دینارى عێراقى بەرامبەر بە دۆلار بەهۆى "کۆمپانیاى وەهمی و نرخى زیادەى حەواڵەوەیە." دەشڵێت، بانكی ناوەندی چەند رێوشوێنێكی بۆ كۆنترۆڵكردنی نرخی دۆلار گرتونەتە بەرو ئێمە پاڵپشتی دەكەین.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانى، ئەمڕۆ دوشەممە، لەدوای كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: زیادبونێکى ئاشکراى بەهاى دۆلار هەیە و هۆکارەکەى بونى کۆمپانیاى وەهمى و نرخى زیادەى حەواڵەیە کە ئێستا وردبینى تێدا دەکرێت.

وتیشى "بانکى ناوەندى چەند رێوشوێنێکى گرتونەتەبەر و ئێمەش وەکو حکومەت پاڵپشتى دەکەین بۆ رێگرى لە بەقاچاخبردنى دۆلار بۆ دەرەوەى وڵات."

 محەمەد شیاع سودانى ئاماژەی بەوە کرد، 121 کەس لە بەقاچاخبردنى نەوتدا دەستیان هەبوە، 18 کارمەندى هێزە ئەمنییەکان لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستگیرکراون و 14 کارمەندى دیکە کە بەشداربون لەو بەقاچاخبردنە هەڵاتون. وتیشى: "هەڵوەشاندنەوەى تۆڕەکانى بەقاچاخبردنى نەوت بەردەوامە کە گەیشتوەتە یەک ملیۆن و 781 لیتر."

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا، سودانى ئاشکرایکرد کە بڕیارداوە بە زیادکردنى بەشەخۆراکى مانگانەى هاوڵاتییان.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە لەلایەن نوسینگەی سەرۆك وەزیرانەوە بڵاوكراوەتەوە، هەر ئەندامی خێزانێك 1 كیلۆ شەكر، 1 لیتر رۆنی زەیت، 200 گرام چا، 250 گرام شیر، 1 كیلۆ ئاردی زیادەی پێ دەدرێت.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×