حكومەتی هەرێم: بەرهەمی رۆژانەی هێلکە ٥٠٪ زیاترە لە پێویستی ناوخۆ
  2022-12-30       379       

حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەرهەمی رۆژانەی هێلكە لەسەدا 50 زیاترە لە پێویستی ناوخۆ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی هێلکە، هەنگاوی گەورەی ناوە.

ئاوێنە: حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، "بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەرێمی کوردستان ساڵانە ٩١٩ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هێلکە، هەرناردەی دەرەوە دەکات. ئەمە جگە لەوەی کە گرنگییەکی زۆر بە هەماهەنگیکردن لە گەڵ بازاڕی دەرەکی دەدرێت بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساخکردنەوەی بەرهەمی هێلکەی پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە."

جەختیشی كردۆتەوە كە بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە بۆ ناو هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و "ئەمەش بۆ بونیادنانی بناغەیەکی گرنگیی ئابوری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و دەستەبەرکردنی خۆراکێکی تەندروست بۆ هاوڵاتییان، هەروەها پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و ڕەخساندنی هەلی کار."

بەپێی راگەیەندراوەكە "لەگەڵ دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بۆ ٣٣ پڕۆژە بەرزبونەتەوە، کە بەراورد بە پێشتر ٢٠٠٪ زیادی کردوە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دو ملیار و ٩١٨ ملیۆن و ٥٧٧ هەزار هێلکەیە، کە بەڕێژەی ١٠٠٪ بەرزبوەتەوە بەراورد بە پێشتر."

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پڕۆژە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە، بەمشێوەیە بەسەر شارەکان دابەشبون: هەولێر: ١٥ پڕۆژە، سلێمانی: ١١ پرۆژە، دهۆک: ٥ پڕۆژە، گەرمیان: ٢ پرۆژە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان وتویەتی"پێشتر، بڕی بەرهەمی ڕۆژانەی هێلکە ملیۆنێک و ٨٠ هەزار بو، لەکاتێکدا ڕێژەی پێویستی ناوخۆیی لە ڕۆژێکدا دو ملیۆن و ٥٢٠ هەزار بو، ڕێژەی کورتهێنانیش لە ڕۆژێکدا ملیۆنێک و ٤٤٠ هەزار بو، بەڵام لە کابینەی نۆیەمدا، ڕێژەی بەرهەمهێنانی هێلکە لە ڕۆژێکدا بەرزبوەتەوە بۆ پێنج ملیۆن و ٤٠ هەزار، لەو ڕێژەیەشدا دو ملیۆن و ٥٢٠ هەزاری بۆ پێداویستی ناوخۆیی دابیندەکرێت."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەرهەمی رۆژانە هێلکە لە هەرێمی کوردستان، ١٤ هەزار کارتۆنە، کە ٥٠٪ لە پێویستی ناوخۆیی زیاترە، ڕۆژانە ٧هەزار کارتۆن هێلکە دەنێردرێتە دەرەوە و ٧ هەزار کارتۆنیش بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ دەنێردرێن و هەر لەوێش ساغدەکرێنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×