باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق پشتگیریی‌ واشنتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا دوپاتده‌كاته‌وه‌
  2023-01-21       541       


سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، نێچیرڤان بارزانی‌‌و باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق كۆبونه‌ته‌وه‌و باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق پشتگیریی‌ واشنتن بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا دوپاتكردۆته‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و تێیدا هاتووه‌، له‌میانی‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئالینا رۆمانۆوسكی‌، باڵیۆزی‌ ئه‌مریكا له‌عێراق كۆبووه‌وه‌.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا و دوایین پێشهاته‌كانی‌ تایبه‌ت به‌ گفتوگۆی‌ نێوان حكومه‌تی‌ فیدراڵی‌ عێراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه هه‌ڵواسراوه‌كانی‌ نێوانیان، تاوتوێكران.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان كرده‌وه‌ و هاوڕابوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كان ده‌بێته‌ مایه‌ی‌ سه‌قامگیریی‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ش.

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئالینا رۆمانۆوسكی‌ باڵیۆزی‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق، پشتگیریی‌ واشنتنی بۆ گفتوگۆ و هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ كێشه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ربڕی‌ .

دۆخی‌ ناوخۆی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و گرنگیی‌ یه‌كڕیزیی‌ لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، ڕێكخستنه‌وه‌ و چاكسازییه‌كانی‌ وه‌زاره‌تی‌ پێشمه‌رگه‌، بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و فراوانكردنی‌ بواره‌كانی‌ هاریكاریی‌ هاوبه‌ش، هه‌روه‌ها چه‌ند پرسێكی‌ جێی‌ بایه‌خی‌ هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆبوونه‌كه‌ بوو.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×