پەرلەمانی‌ كوردستان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان کۆدەبێتەوە
  2023-01-22       332       

بڕیارە سبەی دوشەممە دەستەی سەرۆکایەتی‌و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان کۆببنەوە، ئەندامێکی لیژنەی یاسایی په‌رله‌مانیش دەڵێت، کۆبونەوەکە سەرەتایەکی باشە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمان.

ئاوێنه‌: سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاندووه‌، "سبەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی پەرلەمان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژادنەکان کۆدەبنەوە، مەبەستیش گەیشتنە بەڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەی کۆمسیۆن، چونکە یەکەم ھەنگاو بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردن کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانە".

ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی وتیشی‌، "کۆبونەوەی سبەی سەرەتایەکی باشە، جگە لەکاراکردنەوەی کۆمسیۆن سەرەتایەکی باشە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبونەوەکانی پەرلەمانیش کە ئێستا ڕاگیراون".

سارا دڵشاد ڕونیکردەوە، "ئەگەر لەکۆبونەوەی سبەی بگەنە ڕێککەوتن بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن ئەوە پەرلەمان ئامادەیە بەیاسا کۆمسیۆن کارا بکاتەوەو دەستبەئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان بکات.''

بڕیار بو ڕۆژی 2022/10/1ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ ناكۆكی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی له‌سه‌ر یاساو بازنه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن‌و شێوازی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كورسی‌ پێكهاته‌كان، هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌دا ئه‌نجامنه‌دراو رۆژی‌ 2022/10/9 به‌ده‌نگی 80 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌فراكسیۆنه‌كانی‌ پارتی‌، یه‌كێتی‌، به‌شێك له‌گۆڕان‌و پێكهاته‌كان ته‌مه‌نی‌ ئه‌م خوله‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان درێژكرایه‌وه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×