ژمارەی قوربانیانی ڕوداوه‌كه‌ی حەلەب گەیشتە 16 کەس‌و مەزڵوم کۆبانێ-یش پەیامێکی‌ بڵاوكرده‌وه‌
  2023-01-22       942       

ژمارەی قوربانیانی ڕوداوه‌كه‌ی گەڕەکی شێخ مەقسودی کوردنشین لەپارێزگای حەلەبی باکوری سوریا گەیشتە 16 کەس‌و مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ش پەیامێکی‌ بڵاوكرده‌وه‌.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەکشەممە باڵەخانەیەک لەگەڕەکی شێخ مەقسودی کوردنشین لەپارێزگای حەلەبی باکوری سوریا داڕماو لەئەنجامدا 16 هاوڵاتی گیانیانلەدەستدا.

گەڕانی تیمەكانی فریاكەوتن بەدوای قوربانیانی ڕداوه‌كه‌ بەردەوامەو تا ئێستا 18 كەس لەژێر دارو پەردوی ئەو باڵەخانەیە دەرهێنراون، لەو ژمارەیە 16 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو دو كەسیش بریندارن.

بەرگری شارستانی سوریاش دەڵێت، هۆکاری روداوەکە دزەکردنی ئاو بوە بۆ ژێرخانی باڵەخانەکەو لەئەنجامیشدا روخاوە.

لای‌ خۆیه‌وه‌ مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هەسەدە پەیامێکی‌ بڵاوكرده‌وه‌و رایگەیاند، لەکاتێکدا ئێستا یادی پێنج ساڵەی هێرشی تورکیا بۆسەر عەفرین دەکەنەوە، لەگەڕەکی شێخ مەقسودی کوردنشینیش لەحەلەب، باڵەخانەیەک روخاوە کە ماوەی چەندین ساڵە حکومەتی دیمەشق گەڕەکەکەی گەمارۆ داوەو رێگەی نەداوە ماددەی سەرەکی بۆ دوبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچەیە بگوازرێتەوە.

مەزڵوم کۆبانێ سەرەخۆشی لەدانیشتوی گەڕەکی شێخ مەقسودو خێزانی قوربانییەکان دەکات‌و ئومێدی چاکبونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
 

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×