یەكێتی و گۆڕان جەخت لە "لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان" دەكەنەوە
  2023-01-23       478       

نوسینگەی سەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە، لە كۆبونەوەی بافڵ تاڵەبانی و وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕاندا جەخت لە پاراستنی یەکڕیزی و لێکتێگەیشتن کرایەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەیاوەری رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجومەنی سەركردایەتی، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کردو لەلایەن عومەر سەید عەلی و وەفدێکی باڵای بزوتنەوەکەوە پێشوازیلێکرا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"لە کۆبونەوەکەدا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و ئابورییەکانی هەرێم تاوتوێکران و جەخت لە پاراستنی یەکڕیزی و لێکتێگەیشتن کرایەوە لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "لە درێژەی کۆبونەوەکەدا پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا جەختیلێکرایەوەو خێراترکردنی هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدا لەچوارچێوەی دەستورو دەستبەرکردنی ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک بەپێویست زانرا."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×