رۆژنامەنوسێك لەسەر نوسینێك لەبارەی نەخۆشخانەی شار دەستگیردەكرێت
  2023-01-23       1201       

رۆژنامەنوس سۆما خالید، كە لە كەناڵی كەی ئێن ئێن كاردەكات لەسەر نوسینی بابەتێكی رەخنەیی لەبارەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی دەستگیردەكرێت و بەگوێرەی زانیارییەكان لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری پێنج رۆژ تەوقیفكردنی دراوە.

ئاوێنە: بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو رۆژنامەنوسە، ئەمڕۆ دوشەممە، لەسەر سكاڵایەكی نەخۆشخانەی شار چۆتە بەردەم دادوەرو  لەلایەن دادوەرەوە بڕیاری تەوقیفی بۆ ماوەی پێنج رۆژ دراوە.

سۆما خالید رۆژی 13ی تشرینی دوەمی 2022 لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك لە نوسینێك رەخنەی لە شێوازی مامەڵەی پزیشك و كارمەندانی نەخۆشخانەی شار لەگەڵ نەخۆش گرتوە.

تاوەكو ئێستا میدیای گۆڕان و كەناڵی كەی ئێن ئێن هیچ شتێكیان لەبارەی دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسەوە نەوتوە كە كار بۆ ئەوان دەكات.

هەروەها سەندیكای رۆژنامەنوسانیش تاوەكو ئێستا هیچ رونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە نەداوە.

نیاز عەبدوڵا، رۆژنامەنوس و چالاكوان لەبارەی دەستگیركردنی ئەو رۆژنامەنوسەوە لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"سۆما خالید ئەگەر هەر ناوزڕاندنێكیشی ئەنجامدابێت، ئەو هەڵاتونییە لە یاسا و تاوانێكی جینائی ئەنجامنەداوە تا فەرمانی راگرتنی بۆ دەربچێت و لە زیندان بهێڵدرێتەوە، پێویستە تاوانەكانی چاپ و بڵاوكردنەوەش بەپێی قەبارەی خۆی مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك بە دیدگای شەڕی عەشایەری و هەڵچونی دادوەر و لایەنی سكاڵاكار."

جەختیشی كردۆتەوە كە "دەبێت دەستبەجێ سۆما خالید ئازادبكرێت، بەسە بێڕیزكردن بە یاسا و بەكارهێنانی دادگاكان بۆ تۆڵەكردنەوە لە رۆژنامەنوس."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×