مستەفا سەید قادر: دۆخەكە ئاڵۆزەو پێویستە پەلەبكرێت لە یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە
  2023-01-24       422       

مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ وەفدێكی كونسوڵخانەی ئەمریكا رایگەیاند، بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەكە ‏ئاڵۆزە، بۆيه‌ پێویستە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنرێن ‏و په‌له‌ بكرێت له‌ چاکسازی و یەکخستنی هێزەكانی پێشمەرگە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە، مستەفا سەید قادر، جێگری ‏سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە وەفدێكى کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا لە ‏هەرێمی کوردستان کرد کە لە پێكهاتبون لە کاترين کرۆفت و جۆسوا لویس و ‏ڤێگەر ئەمیین، بەرپرس و ئەندامانی یەکەی سیاسی و ئابوریی كونسوڵخانەكە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوریی عێراق و هەرێمی ‏کوردستان و ناوچەکە کرا و تیشک خرایە سەر گرنگيی ڕێکكەوتن و ‏پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی وزە، هه‌روه‌ها جه‌خت لە ‏چارەسەركردنی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسیيەکان، كرايه‌وه‌. ‏

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، جێگری سەرۆكی هەرێم جەختی له‌وه‌ کردەوە کە "بارودۆخی ناوخۆیی و ناوچەیی ‏ئاڵۆزە، بۆيه‌ بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە، پێویستە ناکۆکییە لاوەکییەکان وەلابنرێن ‏و په‌له‌ له‌ چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگەو باشتركردنى خزمەتگوزارييه‌كان ‏بكرێت."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "هەردولا بە بایەخەوە باسیان لە بەردەوامی و بەرفراوانکردنی پەیوەنديیەکانی ‏هەرێمی کوردستان و ئەمه‌ریکايان کرد و وەفدى کونسوڵخانەی ئەمه‌ریکا پشتیوانی ‏و هاوکاريی وڵاتەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە، هه‌روه‌ها بە ‏گرنگیيەوە باسیان لە سەقامگیريی سیاسی و ئەمنيی ناوچەكە کرد."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×