وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، چەند بڕیارێكی تایبەت بە خەرجی و داهاتی ساڵی 2023 دەركرد و بڕیاریداوە كە هەمو پاداشت و هاوكارییەكان رابگیرێت و پارەی وەفدو ئیفادیش بۆ دەرەوە خەرج نەكرێت.
ئاوێنە: بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوری، کە ئەمڕۆ 24ی1ی2023 دەرچوە و ئاراستەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، تیایدا چەند بڕیارێك بۆ بابەتی خەرجی و داهاتی ساڵی 2023 دراوە.
هەروەها بڕیارراوە دەست بكرێتەوە بە خەرجكردنی پێشینەی مانگانەی وەزارت و فەرمانگەكان و خەرجكردنی كرێی ئاو و كارەبا و تەلەفۆنات و كڕینی پێداویستی و ئامێری گرنگ.
وەزارەتی دارایی بڕیاریشیداوە كە هەمو پاداشت و هاوكارییەكان رابگیرێت و پارەی وەفدو ئیفادیش بۆ دەرەوە خەرج ناكرێت و هەر خەرجییەكیش لەدەرەوەی یاسا و رێنماییەكان بێت وەزارەتی دارایی لە ئەستۆی ناگرێت.
لەبارەی لیژنەكانی كڕینیش چەند بڕیارێك دراون لەوانە دەسەڵاتی خەرجكردنی پارەو چۆنییەتی كڕینی كەلوپەل و پێداویستییەكان.


