قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێكی باڵای نەتەوە یەكگرتوەكان بابەتەكانی هەڵبژاردن و وزەی تاوتوێ كرد
  2023-01-24       363       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم پێشوازی کرد لە ڕۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری سیاسی و بونیاتنانی ئاشتی و جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و لەبارەی پرسەكانی هەڵبژاردن و وزەو كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆیان كرد.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لە کۆبونەوەیەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەچو، جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بۆ پەرلەمانی کوردستان کرایەوە.

قوباد تاڵەبانی لەمپەرەکانی بەردەم پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی بۆ وەفدی میوان خستەڕو کە بەبڕوای ئەو بریتین لە؛ "سیستم و بازنەکانی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران، کورسی کۆتاو پێکهاتەکان لەگەڵ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن."

جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، داواشیکرد، نەتەوە یەکگرتوەکان ڕۆڵیان هەبێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکان و مسۆگەرکردنی بەڕێوەچونی دروستی پرۆسەی هەڵبژاردن تا ببێتە بنەمای نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینە بۆ خەڵکی کوردستان.

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، "پێکهاتەو کەمینەکان ڕێز لێ گیراون لە هەرێمی کوردستان، زۆریش مەبەستیانە ئەم پێکهاتانە، ببنە خاوەنی بڕیاری سیاسی سەربەخۆو نوێنەرایەتی تایبەتی دڵخوازی خۆیان کە دور بێت لە دەستوەردانی حیزب و هێزە سیاسییەکان."

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی لە دۆزینەوەی چارەسەری گشتگیرو درێژخایەن کردەوە بۆ کێشەکانی هەولێرو بەغدا بەجۆرێک کە سەقامگیری سیاسی و ئابوری لێ بکەوێتەوە، لەم پێناوەشدا ئامادەیی بۆ هەمو هەنگاوێک دەربڕی لەسەر بنەمای دەستورو لێکگەیشتنی هاوبەش.

لەبارەی دۆسیەی وزە، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، ئەوان مەبەستیانە خەڵکی کوردستان سودمەندی یەکەم بن لە سەرچاوەکانی وزە بەتایبەت غازی سروشتی بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆو باشترکردنی خزمەتگوزاییەکان بەکاربهێنرێت.

لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باسی دۆخی کۆمەڵگای مەدەنی لە هەرێمی کوردستان کراو تیایدا قوباد تاڵەبانی بە گرنگییەوە باسی لە رۆڵی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کە پایەی سەرەکی کۆمەڵگای مەدەنین، راشیگەیاند رێکخراوەکان رەخنەو گلەییان لە دەسەڵاتی سیاسی و هێزە سیاسییەکان هەیەو دەبێت رەخنەو گلەییەکانیان بە هەند وەربگیردرێت.

هەر لە کۆبونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی هەوڵەکانی جێنین پلاسخارتی کرد لە عێراق و کوردستان کە هەمیشە بونیاتنەرانە بوەو بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوی گرنگی ناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×