مەسعود بارزانی: بۆ هەڵبژاردن نابێت هیچ شێوازێك لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان بەسەر پێكهاتەكاندا بسەپێنرێت
  2023-01-25       334       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵنوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، رایگەیاند، بۆ بابەتی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن نابێت هیچ شێوازێك لە دەرەوەی ئیرادەی خۆیان بەسەر پێكهاتەكانی كوردستاندا بسەپێنرێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، پێشوازی لە جنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق و ھەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا تاوتوێ کران و جەخت لە پێویستیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان کرایەوە.

بارودۆخی سیاسی ھەرێم تەوەرێکی تری دیدارەكە بوەو وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پەیوەست بە بابەتی هەڵبژاردن، مەسعود بارزانی ئەوەی دوپاتکردەوە کە "بەلای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە هەڵبژاردن بنەماو پڕەنسیپێکی نەگۆڕە بۆ شەرعیەت و حوکمڕانی و، پێویستە ھەڵبژاردنی هەرێم لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچیت."

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، مەسعود بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە کە "دەبێ ڕەچاوی ئیرادە و بەرژەوەندیی پێکھاتەکان بکرێت و بۆ بابەتی مافەکانیان لە ھەڵبژاردن نابێت لە دەرەوەی ئیرادەی پێکھاتەکان ھیچ شێواز و فۆڕمۆڵێک بەسەر پێکهاتەکانی کوردستان بسەپێندرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×