لە سلێمانی دو تۆمەتبار دەستگیركران كە بە فێڵ پارەیان لە هاوڵاتییەك وەرگرتوە
  2023-01-25       382       

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی چوارچرا دو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بەفێڵ پارەیان لەهاوڵاتییەک وەرگرتبو و دواتر هەڕەشەیان لێكردوە كە دەبێت بڕێك پارەی تریان بداتێ.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی هاوڵاتییەکی بەناسنامە عەرەب لەبنکەی پۆلیسی چوارچرا سکاڵای یاسایی  تۆمارکرد کە دو کەس بەبیانوی کارئاسانی کردن بۆی لەبنکەی پۆلیس بڕی (1500) دۆلاریان  لێوەرگرتوەو هەڕەشەیان لێکردوە کە دەبێت بڕی (5000) هەزار دۆلاری تریان بداتێ، دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتباران، توانرا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە هەردوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوەو دەستگیربکرێن."

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا توانرا دەستبگیرێت بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا کە بەفێڵ لەهاوڵاتیەکەیان وەرگرتبو.

پۆلیس وتوشیەتی، لەئێستادا هەردو تۆمەتبار بەناوەکانی ڕ. ک. ع. لەدایکبوی 1990 و س. ص. لەدایکبوی 1982، بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 312 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×