برێت مەكگۆرك، رێكخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، جەختی لە گرنگی باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کردەوە.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە برێت مەکگۆرک، رێكخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا پێگەیشت.
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لە پەیوەندییەکەدا، برێت مەکگورک، تیشکی خستە سەردانی ئەم دواییەی بۆ بەغداو هەولێر و گفتوگۆکانی سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بودجەو پرسەکانی دیکە. هەروەها جەختی لە گرنگی یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کردەوە."
بەپێی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییەکەدا، هەروەها بڕیاری ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە ڕێگریکردن لە ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بڕیار بو لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێمی کوردستانەوە بنێردرێت تاوتوێ کرا.
بەپێی راگەیەندراوەكە، لەوبارەیەوە سەرۆکی حکومەت، نیگەرانی خۆی لە دەرچونی بڕیارەکە دەربڕی کە "ئامانجی تێکدانی کەشی ئەرێنی و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدایەو مەبەستێکی سیاسی لە پشتە."
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، مەكگۆرك، "پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم بەتایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، هەروەها پێشکەوتنەکانی کەرتی وزەو باشترکردنی ژێرخانی ئابوری و هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا دوپات کردەوە."
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە "هەردولا هاوڕابون لەسەر گرنگی نەهێشتنی هەمو بەربەستەکانی بەردەم گەشەپێدانی کەرتی وزەو وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها هاوڕابون لە سەر ئەوەی لە پەیوەندی بەردەوامدا بن."