فراکسیۆنی پارتی داوا له‌هێزە سیاسییەکان دەکات هەڵوێستەکانیان یەکبخەن دژی سیاسەتی برسیکردنی هاوڵاتیان
  2023-01-28       350       


فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا داوا لەهەموو هێزە سیاسییەکان دەکات هەڵوێستەکانیان یەکبخەن دژی ئەو سیاسەتی برسیکردنەی هاوڵاتیان لەهەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت. 

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌:


بەناوی خودای گەورەو میهرەبان
بەیاننامە
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت بۆ بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی بۆ ڕێگریکردن لە پێدانی شایستە داراییەکان بە هەرێمی کوردستان، وەک لە پێشتر ولە  ئێستاش داوا دەکەین هەموو دامودەزگاکانی دەوڵەت بە دەسەڵاتی دادوەریشەوە ببنە فاکتەری لێک نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن بە مەبەستی پشتگیریکردن لە سەقامگیری سیاسی لە وڵاتدا.
هەروەها پێویستە دادگای فیدراڵی ڕەچاوی ئەو هەلومەرجە سیاسییە سەختانە بکات کە وڵاتی پێدا تێپەڕیوە، وە پاڵپشتی لێکتێگەیشتنەکان و پابەندبوونەکان ئەو ژینگە ئەرێنیەی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم بێت بە بڕیارێک کە ڕەچاوی مافی هەموو پێکهاتەکان بکات بە لەبەرچاوگرتنی دەستوورو دادپەروەری ، نەک بڕیارێک کە لە فۆرم و ناوەڕۆکدا  بژێوی و ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان لە هەرێمی کوردستان بکاتە ئامانج. 
حکومەتی نوێ پێکهاتووە بە پاڵپشتی هێزە سیاسییەکانی سەر بە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و بە پێی لێکتێگەیشتن و بەڵێنەکان لەسەر بنەمای هەماهەنگی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لەسەر بابەت و بڕیارەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و دوورکەوتنەوە لە هەر ڕێوشوێن و هەنگاوێک لە دژی هەرێم و هەروەها  لەسەر بنەمایی خستنە بواری جێبەجێکردن و کارکردن لەسەر مامەڵە یاسایی دەستوریەکانی سەبارەت بە بودجە و نەوت و مادەی ١٤٠ و ئەوانی تر ، بەڵام ئەم بڕیارە پێچەوانەی ئەو لێکتێگەیشتن و بەڵێنانە بوو، وە بووە هۆی هاتنە کایەی خاڵێکی وەرچەرخانی مەترسیدار بۆتەواوی پرۆسەی سیاسی. 
لێرەوە پێویستە هەموومان کاربکەین بۆ ڕاستکردنەوەی و  وە داواش لە هەموو هێزە سیاسییەکان دەکەین هەڵوێستەکانیان یەکبخەن بۆ پشتیوانی لەو بەڵێنانەی کە لە کارنامەیی کاری سیاسی و مەنهەجی وەزاریدا ڕێککەوتنیان لەسەر کراوە، هەروەها ڕەتکردنەوەی ئەو سیاسەتی برسیکردنەی کە لە دژی هاونیشتمانیانمان لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت. 
هەروەها داوای پەلەکردن لە دانانی یاسای نەوت و گاز و یاسای دادگای فیدراڵی و ئەنجومەنی فیدراڵی دەکەین، وەک لە دەستووردا هاتووە. هاوڵاتییانی کوردستانیش دڵنیا دەکەینەوە کە داکۆکی لە مافە ڕەواکانیان و شایستەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە چوارچیوەی دەستوور.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان
 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق شەممە ۲۰۲۳/۱/۲۸

زۆرترین بینراو
© 2023 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×