بزوتنەوەكەی "رەیان كلدانی" بڕیاریدا بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمدا بكات
  2023-01-31       1094       

مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی بابلیۆن، كە رەیان كلدانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەی خۆیدا بڕیاریدا بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا بكات.

ئاوێنە: مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی بابلیۆن، ئێوارەی ئەمڕۆ لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەكەدا بە كۆی دەنگ بڕیاردراوە، بەشداریی "كارا" لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا بكەن و وەك ئامادەكارییەكی پێشوەختیش بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لقەكانی رێكخستنی پارتەكەیان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە.

بزوتنەوەی بابلیۆن، لەلایەن رەیان كلدانی-یەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، ئەو كەسێكی مەسیحییەو دۆستایەتییەكی نزیكی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا هەیەو یەكێك بو لە فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و فەرماندەیی كەتیبەكانی بابلیۆنی دەكرد لە پارێزگای نەینەوا.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە مانگی تەمموزی 2019، رەیان كلدانی وەك فەرماندەی كەتیبەكانی بابلیۆن خستە نێو لیستی سزاكانی خۆی، ئەوەش لە پەیوەست بە "پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ."

مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی بابلیۆن لە راگەیەندراوەكەیدا هۆشداری داوە لە "هەوڵی دەستوەردانی هەندێك حزبی دەسەڵاتدار"ی هەرێم لە كاروباری حزبە مەسیحییەكاندا و بەكارهێنانیان بۆ خزمەتی ئەو حزبە كوردییانە.

هەروەك مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی بابلیۆن جەختی لە پێویستی بەردەوامبون لە پەیوەندییەكان لەگەڵ دۆستەكانی لە هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی كاری هاوبەش لەگەڵیان كردۆتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدا هێشتا حزبەكانی هەرێمی كوردستان بەتایبەت یەكێتی و پارتی ناكۆكن لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەرانی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×