گوێگرتن لە موزیک وەک کولتوور
  2023-02-02       1584       

شەماڵ لەتیف

 

ئەوەی تا ئێستا دەربارەی موزیک دەیزانین وەک زانستێک، ناتوانێ هێندەی ساتێک گوێگرتن لێی بە مانا و سیحری ئەم هونەرە باڵایەمان ئاشنا بکات. لە کۆنفۆشیۆس و میراتی فەلسەفی چین و هیندەوە بۆ ئەفڵاتون، پاشان تا بە ئەمڕۆ دەگات باس لە مانا و جوانی لە هونەر(موزیک)دا، بابەتگەلی وەک تیۆری موزیک، ئیستاتیکا، هارمۆنی، هەست و چێژ ...هتد دەکرێت. ئەمانە ئەو کاتیگۆریانەن کە باڵابوون و گرنگی ئەم هونەرە دەچەسپێنن. وەلێ ئەوەی لە هەموان زیاتر گرنگی و کاریگەری موزیک لە سەر روح و سایکۆلۆژیای مرۆڤ دەسەلمێنیت، گوێگرتنە لە موزیک (گوێگرتنیش بۆ خۆی هونەرێکی باڵایە). گوێگرتن لە موزیک و دۆزینەوەی ئەو ڕەهەندە گەردونیانەی کە هەر موزیکێک لە نێو خۆیدا هەڵی گرتووە لە ڕێگەی کەناڵی بیستنەوە بەدەست دێت، گوێش کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەندێشە و ئاوەزی مرۆڤدا لە پەیوەندیدایە، بەشدارە لە دروستکردنی پەیوەندییەکی قوڵ لە نێوان موزیک و ئەندێشە لای مرۆڤ، ئەمەش پەیوەندی موزیکە لەگەڵ ئەندێشەی فەلسەفیدا. زۆرێک لە بیرمەند و فەیلەسوفەکان یان خۆیان موزیسیان بوون، یان لە پەیوەندییەکی قوڵدا بوون لەگەڵ موزیسیانێک. لە نموونەی ئەو بیرمەندانەی هاوکات موزیسیان بوون وەک (نیچە، ئەدۆرنۆ، ئێدوارد سەعید....هتد). هەروەها لە نموونەی ئەو بیرمەندانەی کە لە پەیوەندیەکی هزری و فەلسەفیدا بوون لەگەڵ ئاوازدانەر یان مۆزیسیانێکدا وەک ئیدوارد سەعید لەگەڵ موزیکژەنی بەناوبانگی جولەکەی بە ڕەگەز ئەرجەنتینی دانیاڵ بارنبۆیم، فەیکەسوفی ئەڵمانی پیتەرسلۆتەردایک لەگەڵ موزیسیانی ئەڵمانی وڵڤگانگ ریهم( Wolfgang Rihm). ئەم پەیوەندییە لە سەر بنەمای گرێدانی ڕوانگەی موزیکە بە فەلسەفە و ئەندێشەوە، وەک ئەوەی لای نیچە و ڤاگنەر دەیبینین کە لە هاوڕێیەتی و پەیوەندیەکی قوڵەوە پێ دەنێتە نێو دابڕانێکی فکریەوە تا ئاستێکی دوژمنکارانە. ئەمەش ئەو پرسیارەیە کە ئایا ڕەگەزە قوڵ و گەردوونیەکانی موزیک لەگەڵ بیرکردنەوەی فەلسەفیدا چۆن دەتوانن هەماهەنگی بکەن؟ وەک نیچە دەڵێت: موزیک بە پێچەوانەی هونەرەکانی دیکە، کۆپییەکی هاوشێوەی دیاردەکان نییە، بەڵکو کۆپییەکی ڕاستەوخۆی ویستی ئیرادەیە، بریتییە لە کامڵبوونی هەموو دیاردە سروشتییەکانی نێو ئەم جیهانە و بەرجەستەکردنی شتێک لە خۆیدا، واتە لەگەڵ میتافیزیکدا.( لەدایک بوونی تراژیدیا). دەزانین پێش ئەمانیش فەیلەسوفانی وەک فارابی و ئبن سینا گرنگییەکی زۆریان بە ئەندێشەی موزیکی داوە، خۆشیان موزیسیان بوون وەک چارەسەریش لێیانڕاونیوە. فارابی لە کتیبی (الموسیقی الکبیر) و ئیبن سینا لە کتیبی(جوامع علم الموسیقی) جگە لە تیۆری موزیک، بەقوڵی دەربارەی کاریگەری ئەم هونەرە لەسەر ڕوحی مرۆڤ دواون، هەڵبەت چەندین بیرمەند و کۆمەڵناسی دیکە لە گرنگی موزیکیان ڕوانیوە بە ئەندێشەی مرۆڤەوە، وەک ماکس ڤیبەر لە کتیبی (الاسس العقلانیە و السوسیولوجیە للموسیقی) زۆر بە قوڵی لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئەندێشەییەکانی موزیک دەدوێت بەتایبەت موزیکی ڕۆژئاوایی، هەروەها چەندانی دیکە. لەبەرئەوە موزیک تەنها هونەرێک نییە، هاوشێوەی دیاردەیەکی سروشتی خۆی دووپات بکاتەوە، یان تەنها ڕەنگدانەوەی ڕەهەندە ئیستاتیکییەکانی سروشت بێت. بێگومان بوونی ئەم ڕەهەندە سروشتییە لە ناو موزیکدا، بەتایبەت موزیکی کلاسیک لە زۆر ئاستدا بوونێکی پێویستە، چونکا خەیاڵی موزیکی بەهێز دەکات، بەڵام لەوە گرنگتر ئەو بەها و مانا قوڵانەن کە موزیک لە نێو خۆیدا هەڵیاندەگرێت و لە شوێن و کاتدا بەرجەستەیان دەکات. موزیک هێڵی جیاکەرەوەی حەقیقەتە لە مەجاز، حەقیقەت بەمانای ڕاستی بوون. هەروەها هێگڵیش لە کتیبی(فەلسەفەی هونەرەجوانەکان)دا لەبارەی ئەرکی هونەرەوە ئەوە دەردەبڕێت کە ئەرکی هونەر وروژاندن و وەدیهێنانی سەرلەبەری وزە و تواناییەکانی ڕوحی مرۆڤ و هەروەتر وروژاندنی هەستێکە لە فراوانی و بەپیتی و بەپێزی خوڵقێنەرەکەی.

لە پەیوەندیدا بە بابەتی گوێگرتن وەک کرداری تەواوکاری بۆ ڕایەڵەی نێوان موزیک و ئەندێشەی مرۆڤ، بەستنەوەی ئەم باسە وەک بابەتێتی لە دەرەوەی هەر کارتێکەرێکی خودی، جێی سەرنجە. لەو ژیار و شارستانییەتانەی کە موزیک وەک هێز و وەک جۆرێک لە ستایشکردن مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، تەنها بە موزیک خۆی بەدی نایەت، بەڵکو ئەوە گوێی مرۆڤە کە ئەو پڕۆسەیە تەواو دەکات. کولتووری گوێگرتن لە موزیک لای زۆربەی میللەتانی دنیا کولتوورێکی ڕیشەدارە، بەتایبەت لە کولتووری میللەتانی ڕۆژهەڵاتی دوور وەک هیندستان، چین و ژاپۆن، دانیشتن و قوڵبوونەوە لە موزیکی پەتی(Absolute music) واتە (موزیکێک کە وشەی تێدا نەبێت، تەنیا ئامێرەکان ڕۆڵیان هەیە، بێ بوونی دەنگی مرۆڤ) سیمبولی تێگەیشتن و قوڵبوونەوەیە لە هێما یونیڤرساڵییەکان و ئاوێتە کردنیەتی لەگەڵ سروتە ئایینی و ڕەهەندە فەلسەفیەکەی خۆیان. ئەم کولتوورە ڕەگی لە ئەفسانە و ئایین و فەلسەفەی ئەو گەلانەدا هەیە، بۆیە دەبینین لە هیندستاندا بە چەندین کاتژمێر گوێ لە موزیک دەگرن و ئاوێتەی سروتە ئایینی و ئەفسانەییەکانی خۆیانی دەکەن. ئەم پڕۆسەیە لە دنیای ڕۆژئاوادا بەهەمان شێوە بەدیدەکرێت، گوێگرتن لە موزیکی کلاسیک لە هۆڵ و صاڵونە بەناوبانگ و گەورەکاندا بۆتە کولتوورێکی چەسپاو، ئەمەش گرنگی ئەم هونەرەی لە سەر دەروون و روحی مرۆڤی ڕۆژئاوایی بەشێوەیەکی بەرچاو نیشان دەدات.

لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەدا گوێگرتن لە موزیک نەبۆتە کولتوور، واتە ئێمە تا ئێستا حەوسەڵەی گوێگرتن لە موزیکی پەتیمان نییە کە بۆ ماوەیەکی درێژ گوێبگرین و تێڕابمێنین و بیربکەینەوە تەنها لە خودی موزیکەکە، ئەمەش بە بڕوای من دوو هۆکاری هەیە، یەکەم: موزیک لای ئێمە بە ئەندازەیەکی زۆر بۆ سەرگەرمی و چێژی کاتی بووە، یان بۆ چەند ساتێک دەربڕینی شادی یاخود بۆ کەمێک حوزن و سەرگەرمی بووە.(هەڵبەت لە موزیکدا جێگەی ئەمەش دەبێتەوە) دووەم: موزیکزانەکان نەیانتوانیوە گوێگرتن لە موزیک بکەنە کولتوور، هەموو کات بۆ ڕازیکردنی زۆرترین گوێگر لە کۆنسێرتەکان و لە ئەلبوومەکانیاندا هەوڵیانداوە گۆرانی بێژ یان تێکست بەشداری پێبکەن، ئەمەش کاریگەر بووە لە سەر ئەوەی کە گوێگری ئێمە ڕابێت لەسەر بوونی تێکست لەگەڵ موزیکدا. بەمانایەکی دیکە، گوێگری ئێمە توانای گوێگرتنی لە موزیکێک نییە کە گۆرانی بێژی لەگەڵدا نەبێت. وێڕای هەوڵی چەند موزیسیانێک بە دروستکردنی چەند ئەلبومێکی موزیکی بێ کەلام، بەڵام هێشتا ئەم کولتوورە نەخەمڵیوە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە لە دە ساڵی رابردوودا هەوڵێک لەلایەن هونەرمەندی موزیسیان دانا محێدین* هەیە بۆ چەسپاندنی ئەم کولتوورە،  ئەو زۆر بە هێمنی و بە خۆداڕنین لە هەر هەوڵێکی گروپی، لە ڕێگەی هەوڵی تاکژەنی خۆیەوە، چەندین کۆنسێرتی بۆ گوێگری کورد لە شارە جیا جیاکانی کوردستان و دەرەوەی کوردستان ئەنجامداوە. زۆربەی کۆنسێرتەکانی ئەم هونەرمەندە تەنها موزیک بووە و دەنگ تێیدا بەشدار نەبووە، ئامادەبوان لە کۆنسێرتەکاندا ئەوانەبوون کە توانای گوێگرتنیان لە موزیک هەیە بۆ ماوەیەکی درێژ، ئەم جۆرەی گوێگری موزیک لەگەڵ ڕەوت و ئەندێشەی ناو موزیکەکەدا ئاوێتە دەبێت و بەشداری دەکات لە بیرکردنەوە لە تەک موزیکەکەدا. ئەم جۆرە موزیکە پێکهاتەیەکی تێکەڵ لە ئەندێشە و هونەرە، لە خۆیدا ناوەڕۆک و مانای ئینسانی و وجودی بەرجەستە دەکات، موزیکێکە لە ناوەڕۆکدا، لە سروشت بەهرە دەگرێت و لە ناو واقیعدا ڕەنگدەداتەوە، دابڕاونییە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئاوێتەیەکە لە موزیکی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، بەڵام لە فۆڕمێکی باڵادا پەخش دەبێتەوە. ئەم هونەرمەندە زۆر بە ئاگاییەوە ئەو موزیک و میلۆدیانە هەڵدەبژێریت کە خەریکە بیردەچنەوە، هێواش هێواش لە یادەوەریماندا تۆزیان لەسەر دەنیشێت، جارێکی دیکە لە فۆڕمێکی ئێجگار جوان و باڵادا بەگوێماندا دەداتەوە. ئەمەش موزیکێکە خۆی بەرهەمناهێنێتەوە، لە سەر دوپات بوونەوە کارناکات، بەڵکو لە هەوڵدایە ژیان بەبەر ئەو میلۆدی و موزیکەدا بکاتەوە کە پەرتەوازەیی و بێ شوناسی پێوەدیارە. ئەو موزیکەی دانا پێشکەشی دەکات، هەم تەکنیک لە ئاستێکی بەرزدا ڕۆڵ دەگێریت، هەم چێژ و هەست هاوشانی تەکنیک ڕێدەکات، بێ ئەوەی هیچیان لە سەرشانی ئەویدیکە بێت، واتە هاوسەنگییەک لە نێوان تەکنیک و چێژدا هەیە، کەمن ئەو موزیسیانانەی بتوانن ئەم دوو ڕەگەزەی موزیک تێکەڵ بکەن، بێ ئەوەی ڕەگەزێک زاڵ بێت بە سەر ئەوی دیکەدا. ئەم ئاوێتە بوونەش باشتر مانا لە ناو موزیکدا دەخاتەڕوو، ڕۆڵی موزیسیان لە کۆمەڵگەدا تەنها ئەرکێکی هونەری نییە لە پێناو هونەر خۆیدا، بەڵکو ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و کولتووری دیکەی هەیە، کە ڕۆڵێکی تەواو بەرپرسیارانەیە لە ئاست ڕوداو و پێشهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆییەکاندا. هونەرمەند لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بەشداری کارای لە پرسە جۆرا و جۆرەکانی کۆمەڵگەدا هەیە. لە ڕووی سوسیولۆژییەوە پەیام و ڕۆڵی هونەرمەند لە نێو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا دەردەکەوێت، لەو ڕەخنانەدا دەردەکەوێت کە لەڕێگەی هونەرەکەیەوە لە بارودۆخ و هەلومەرجی ژیانی ڕۆژانە و دۆخی کولتووری و نەریتیەکانی دەگرێت. بێگومان موزیک بێلایەن نییە، ناشبێت بێلایەن بێت، بێلایەنی بەو مانایە نییە کە موزیک سەر بە ئایدۆلۆژییەکی دیاریکراو بێت، بەڵکو بەو مانایەی کە دەبێت هونەر بەشدار بێت لە فەزای گشتیدا، لە پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسیەکان و ژیانی ڕۆژانەدا، چونکە لە ناو موزیکدا ئایدیا شوێنی بنچینەیی هەیە، سەرەڕای چێژ و جوانی، دەبێت موزیک خاوەنی مانا بێت، واتە مانا لە نێو موزیکدا.

ئەمڕۆ لە ڕێگەی هونەرەوە دەتوانیت بەردەوامی بە بوونی خۆت بدەیت لە ناو جیهاندا، یان وەک کولتوور بچینە ناو جیهانەوە، ئەم جۆرە موزیکە لە قوڵایدایە، پێویستی بە گوێیەکی پاک هەیە کە بیبیستێ، گوێیەک کە درک بە پەیامەکانی بکات. ئەو موزیکەی کە ڕەهەندە مەعریفی و ئەندێشەییەکەی هەست پێبکرێت، بێ ئەوەی ڕەهەندە ئیستاتیکییەکەی ون بکات، ئەمە ئەو موزیکەیە کە ئەمڕۆ لە ڕێگەی پەنجەکانی ئەم هونەرمەندەوە پەخش دەبێت، بێ ڕیکلام و بێ هەراو هوریا و بێ نمایش، بەڵکو زۆر بە ئارامی خەریکە نەقشی خۆی لە سەر لاپەڕەی هونەری کوردی دەنەخشێنێ. موزیکێک مۆدێرنەی ماددی و ڕوڵەتخوازی ناو سیستمی سەرمایەداری نوێ، نەیتوانیوە وەک کاڵا مامەڵەی لەگەڵدا بکات، وەک (شمەک) خاڵی بکاتەوە لە ڕەهەندە داهێنەرانەییەکەی. بێگومان نە تەنیا لەم جۆرەی موزیک بەڵکو لە ژانرە جیاوازەکانی دیکەی موزیکدا، ژانرە مۆدێرنەکانی وەک ڕۆک، پۆپ، جاز....هتد. دەتوانین بە ڕوونی پەیامە مرۆیی و کولتووریەکانی هونەر ببینین. لەبەرئەوە ئەم پڕۆسەیە تاک لایەنە نییە، پێویستە گوێکان کاریان لەسەر بکرێت و هەوڵی دیکە لەم جۆرە سەر ڕێگە بخرێت، هونەر بە گشتی ڕۆڵی خۆی لە کۆمەڵگەدا بگێرێت.

 

دانا محێدین، موزیسیانێکی شاری سلێمانییە، ژەنیاری ئامێری تار و سێتارە، لە دەرەوەی هەر پرۆسەیەکی خوێندن و ئەکادیمیا بەشێوەیەکی خۆڕسک پاش هەوڵ و ماندوبونیکی بێ وچان توانیویەتی وەک فیگۆریکی موزیکی جێ پەنجەی خۆی لەسەر لاپەرەی هونەری کوردی بنەخشێنێ.  لە دە ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاکی موزیکی ئەنجامداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×