شه‌ممه‌, 17 ی ئایار , 2025
بانکێکی عێراقی پێشینەی هاوسەرگیری بە بڕی 10 ملیۆن دینار دەداتە هاووڵاتییان
  2023-02-19       759       


بانکی نەهرەینی ئیسلامی سەر بە حکومەتی عێراقی بە بڕی 10 ملیۆن دینار پێشینەی هاوسەرگیری دەداتە هاووڵاتییان بێ بوونی هیچ مەرج و کۆتێک لەسەر پێشینەکە. 

ئاوێنه‌: سه‌رچاوه‌یه‌ك لە بانکی نەهرەینی ئیسلامی سەربە حکومەتی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی وت، بانکەکە بڕی 10 ملیۆن دینار وەک پێشینەی هاوسەرگیری دەداتە سەرجەم کڕیارەکانی. 

عەماد رەسەن، یاریدەدەری بەڕێوەبەری بانکی نەهرەینی ئیسلامی بە میدیا ناوخۆییەکانی وت، ئەو پێشینە هاوسەرگیرییەی بانکەکە دەیداتە هاووڵاتییان بڕەکەی 10 ملیۆن دینارە و سەرجەم کڕیارەکان دەگرێتەوە.

لەبارەی شێوازی پێشینەکەشەوە ئەوەی ئاشکرا کرد، پێشینەکە هیچ مەرج و کۆتێکی لەسەر نییە و مەرجیش نییە ئەو کەسەی پێشینەکە وەردەگرێت یان کەفیلەکان مووچەکەی لەهەمان بانک وەربگرێت.

ئاماژەی بەوەشدا، مەرجی ئەو کەسەی پێشینەکە وەردەگرێت ئەوەیە پێویستە گرێبەستی هاوسەرگیری هەبێت کە دوو ساڵ زیاتری بەسەردا تێپەڕنەبووبێت و پێویستە مووچەخۆرێکی حکومەت ببێتە کەفیل و ماوەی دانەوەی قەرزەکەش پێنج ساڵە.

عەماد رەسەن، ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو کەسەی پێشینەکە وەردەگرێت دەبێت ئەو پێداویستییانەی دەیکڕێت پسوڵەی ئەو شمەکانە رادەستی بانکەکە بکات کە پێداویستییەکانی لەسەر کڕیوە تا ئەویش پارەکە بداتە خاوەن کاڵاکە.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری بانکی نەهرەینی ئیسلامی لە کۆتایی قسەکانیدا دەبارەی بابەتەکە ئەوەی وت، کڕیار دەتوانێت سەرجەم پێداویستییەکانی ناوماڵی پێبکڕێت لە بابەتە کارەبایی و ئەلیتکرۆنی و پێداویستی و کەرەستەکانی دیکەی ناوماڵ جگە لە زێڕ و خشڵ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گرفتی شەرعی هەیە بە گوێرەی فیقهی ئیسلامی.

بانکی نەهرەینی ئیسلامی ساڵی 2012 دامەزراوە و یەکەم بانکی ئیسلامی فەرمییە کە سەر بە حکومەتی فیدڕاڵییە و لە ساڵی 2018 دەستی کردووە بە پێدانی قەرز و پێشینەکانی بە هاوڵاتییان و فەرمانبەرانی حکومەت بە گوێرەی چەند میکانیزم و رێکارێک.
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×