فازڵ میرانی: بابەتی هاوسەرۆكیی یەكێتی لە دادگای بەغدا یەكلایی كراوەتەوە
  2023-03-04       1116       

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، بابەتی هاوسەرۆكیی یەكێتی لە دادگای بەغدا یەكلایی كراوەتەوەو پارتی مامەڵە لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی دەكات. دەشڵێت، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی "پەیڕەوی سیاسەتی مام جەلال بکەن، کێشە لەنێوان پارتی و یەکێتی رونادات."

ئاوێنە: فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ روداو، كە ئەمڕۆ شەممە، پەخشكرا، لەبارەی ناكۆكی یەكێتی و پارتی لەسەر كورسی پێكهاتەكان وتی، "ئێمە پێمان باشە لەوە زیاتر ئێمە و یەکێتی لەسەر پێکهاتەکان نەبینە بڕیاردەر، نەبینە پارێزەریان، ئینجا مەسیحی بن یان تورکمان. خۆیان هەر بڕیارێک بدەن با ئێمە قبوڵی بکەین."

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی، کێشەکانی پارتی و یەکێتی بۆ "کۆتایی شەستەکان" دەگەڕێتەوە، " بەڵام دوای ساڵی 1998و بەهۆی ئەو تێگەیشتنەی لەنێوان مەسعود بازرانی و مام جەلال هەبو، ئەو کێشانە بەرەبەرە ئارامتر بون. وتیشی، ئەگەر بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی پەیڕەوی سیاسیەتی مام جەلال بکەن، ئەم کێشانە رونادەن.

لەبارەی ئەوەی كە ئایا پارتی ئامادەیە وەك هاوسەرۆكی یەكێتی مامەڵە لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی بكات كە ئەو وەك هاوسەرۆكی ئەو حزبە خۆی ناساندوە، فازڵ میرانی وتی"بە رای من ئەو بابەتە لە دادگای بەغدا یەکلایی کراوەتەوەو ئەوە کێشەی پارتی نییەو کێشەی یەکێتییە."

وتیشی"ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکەین کە لەگەڵمان دادەنیشن و سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی لایەنی بەرامبەری ئێمەیەو لەگەڵ ئەوان دادەنیشین."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×