حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان: ژاراویکردنی کچان لە خوێندنگەکان پیلانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانە
  2023-03-04       462       

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، ئەو زنجیرە ژاویكردنەوەی كچان كە خوێندنگە ناوەندییەكانی وڵاتەكەی گرتۆتەوە، پیلانی ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانە.

ئاوێنە: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لەماوەی سێ مانگی ڕابردودا زیاتر لە 400 قوتابیی کچ لە خوێندنگەکانی چەند شارێکی وەک تاران، کرماشان، لوڕستان، چوارمەحاڵی بەختیاری، قوم، ئەردەوێڵ، مازەندەران، ئیسفەهان، سمنان، خۆراسانی ڕەزەوی، شاهین‌شار و فەردیس... بەهۆی ژاراویبونەوە لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە یەک لەوان لە شاری قوم گیانی لەدەستداوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ناوەندە بەرپرسیارەکانی کۆماری ئیسلامی هەتا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی ڕەسمییان لەهەمبەر بەردەوامیی ئەو ڕوداوانەو زنجیرەی ژاراویکردنی قوتابییانی کچ کە ئێستا ئیدی بەئاشکرا بە تێرۆری بایۆلۆژیکی باس دەکرێ، نەبوە. هەندێک ڕەوت و لایەن بەرپرسایەتیی ئەو هێرشانەیان خستۆتە ئەستۆی گروپە توندڕەوە سەرەڕۆیەکانی نزیک لە ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و هیندێک بەرپرس و لایەنیش قامکی تاوانیان بۆ لای دەستی دەرەکی وەک ئۆپۆزیسیۆن و وڵاتانی دوژمن! ڕاداشتوە."

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران جەختیشی كردۆتەوە كە "بە سەرنجدان بە ماهییەتی ڕێژیم لە تاوانە ڕێکخراو و سیستماتیکەکانی وەک کوشتن لەسەر ناموس، قەتڵە زنجیرەیی و ئەسیدپڕژاندن و سیناریۆ ئەمنییەتییەکانی دیکەی ڕێژیم، ڕایدەگەیەنێت کە بەرپرسایەتیی ئەو جینایەتانە لەئەستۆی تەواوەتیی ڕێژیم و لە سەرو هەموانەوە خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیمە. ئامانج لەوەش بڵاوکردنەوەی کەشی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەو تۆڵەکردنەوە لە کچان بەهۆی پێشەنگایەتییان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"یە."

وتوشیەتی"ناوەند هەروەها بە سەرنجدان بە پێشینەکانی کۆماری ئیسلامی لە خوڵقاندنی جینایەت و کارەسات لەدژی خەڵکی مافویست و نارازیی ئێراندا داوا لە کۆمەڵگەی جیهانی دەکا کاردانەوەی خێراو توندیان لەهەمبەر کۆمەڵکوژی و ڕەفتاری دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیدا هەبێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×