مام ڕۆسته‌م: خەڵك خواستی ڕاپەڕینی هەیە لەدژی ستەم‌و زوڵمی دەسەڵاتی كوردی
  2023-03-05       1021       

مام ڕۆستەم یەكێك لەفەرماندەكانی ڕاپەڕین ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "لەبەرئەوەی نەیانهێشت ئامانجەكانی ڕاپەڕین بەدیبێت، بۆیە داوا لەخەڵكی دەكەم لەبری ئاهەنگ‌و خۆشی ماتەمینی ڕابگەیەنن"، ده‌شڵێت:"32 ساڵە دەسەڵاتی كوردی نەك هەر نەیتوانی ئامانجەكانی ڕاپەڕین بەدیبهێنێت، بەڵكو خەبات‌و قوربانیدانی ڕاپەڕینیشیان ناشرینكرد".

ئاوێنە: مام ڕۆستەم یەكێك لەفەرماندەكانی ڕاپەڕین په‌یامێكى له‌ساڵیادى ڕاپه‌ڕیندا بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت:"لەبەرئەوەی نەیانهێشت ئامانجەكانی ڕاپەڕین بەدیبێت، بۆیە داوا لەخەڵكی دەكەم لەبری ئاهەنگ‌و خوشی ماتەمینی ڕابگەیەنن بەبۆنەی ڕاپەڕینەوە".

مام ڕۆسته‌م نوسیویه‌تى، "32 ساڵە دەسەڵاتی كوردی نەك هەر نەیتوانی ئامانجەكانی ڕاپەڕین بەدیبهێنێت، بەڵكو خەبات‌و قوربانیدانی ڕاپەڕینیشیان ناشرینكرد، ئێستا بەچی ڕویەكەوە پیرۆزبایی یادی ڕاپەڕین دەكەن".

له‌په‌یامه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شى وتوه‌، "بەرهەمى ڕاپه‌ڕینیان بۆخۆیان‌و نەوەكانیان بوو، نەهامەتی‌و بێ كارەبایی‌و بێ موچەیی‌و بێ خزمەتگوزاریش بۆ كەسوكاری شەهیدان‌و هاوڵاتیانی بەشمەینەت بوە".

ئه‌وه‌شى ئاماژه‌ پێكردوه‌، "ئەوانەی ڕاپەڕینیان كرد پەراوێزخراون‌و ئەوانەشی لەدورەوە تەماشاكەربون‌و هاتنەسەر حازری ئێستا بەرەكەی دەخۆن، ئێستا خەڵكی ئەوەندە لەدەسەڵاتی كوردی پڕە، نەك خواستی ئاهەنگ‌و خۆشی نییە، بەڵكو خواستی ڕاپەڕینی هەیە لەدژی ستەم‌و زوڵمی دەسەڵاتی كوردی".

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×