فازڵ میرانی ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی‌ قسه‌كانی‌ پێشتری‌ له‌سه‌ر پرسی‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌
  2023-03-05       1775       


فازڵ میرانی، به‌رپرسی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێری‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ڕونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی‌ قسه‌كانی‌ پێشتری‌ له‌سه‌ر پرسی‌ هاوسه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت، "بڕیارەکانی نێوخۆیی یەکێتی نیشتمانی تایبەتن بەخۆیان‌و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەئێمەوە نییەو تەداخولمان نەکردوەو تەداخولیش ناکەین، ئەگەر لەو بارەوە لێکدانەوە هەبوبێت بۆچونی شەخسیە".

ئاوێنه‌: دوێنێ شه‌ممه‌، له‌چاوپێكه‌وتنێكی‌ ته‌له‌فیزیۆنیدا فازڵ میرانی باسی‌ له‌كێشه‌ ناوخۆییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پرسی‌ هاوسه‌رۆكانی‌ ئه‌و حزبه‌ كردو ڕایگه‌یاند، "بابه‌تی هاوسه‌رۆكیی لاهور شێخ جه‌نگیی له‌دادگای به‌غداد یه‌كلابوه‌ته‌وه‌.. ئێمه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی نوێی یه‌كێتیدا ده‌كه‌ین‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وان داده‌نیشین".

به‌ڵام ئه‌مڕۆ فازڵ میرانی ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ له‌باره‌ی‌ ئه‌و قسانه‌ی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "بڕیارەکانی نێوخۆیی یەکێتی نیشتمانی تایبەتن بەخۆیان‌و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بەئێمەوە نییەو تەداخولمان نەکردوەو تەداخولیش ناکەین، ئەگەر لەو بارەوە لێکدانەوە هەبوبێت بۆچونی شەخسیە".


ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌: 

بەڕێز فازڵ میرانی لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ڕووداو، سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان وەڵامی هەندێ پرسیاری داوەتەوە و، لەلایەکی دیکە سەبارەت بە بارودۆخی نێوخۆیی یەکێتی نیشتمانی وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە دیارە بۆ هەندێ بابەت خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کراوە کە مەبەستی هەڤاڵ فازڵ میرانی ئەو لێکدانەوەیە نەبووە و، هەروەها چەند ڕستەیەکیش لەو چاوپێکەوتنە وەک گوتراوە بەکارنەهاتووە، بەڵکو بەشێوەیەکی دیکە و مانای دیکەی پێبەخشراوە!. لێرەوە ڕایدەگەیەنین ڕوداو و بڕیارەکانی نێوخۆیی یەکێتی نیشتمانی تایبەتن بەخۆیان و بەهیچ شێوەیەک پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و تەداخولمان نەکردوە و تەداخولیش ناکەین، ئەگەر لەو بارەوە لێکدانەوە هەبووبێت بۆچونی شەخسیە، واباشە ڕاگەیاندنیش بە ئەمانەتەوە مامەڵە لەگەڵ بیروڕای میوانەکانی بکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی
هەڤاڵ فازڵ میرانی
٥ـی٣ـی٢٠٢٣

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×