لاهور شێخ جەنگی بەبۆنەی یادی ٣٢ ساڵەی راپەڕینەوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو لهبهشێكیدا هاتووه، "کەمینەیەکی خۆسەپێن دەیانەوێت بەیادەوەریو بەدروشمی دوژمنکارانە جەماوەر لەچاوەڕوانیدا بهێڵنەوە، دەیانەوێت ئەو ئازادییو دیموکراسییە زەوت بکەن کە بەرهەمی ڕاپەڕین بو، تەنانەت بونەتە مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین".
ئاوێنه: دهقی پهیامهكهی لاهور شێخ جەنگی:
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
پیرۆزبایی (٣٢)ههمین ساڵیادی ڕاپهڕینتان لێ دهكهم
٣٢ ساڵ لهمهوبهر، له ڕۆژێكی پیرۆزی وهكو ئهمڕۆ و له دهروازهی ڕاپهڕینهوه، بە بەخشینی خوێنی هەزاران شەهید و قوربانیدانی هەزاران تێكۆشهر و قارهمان، بە پشتیوانیی ڕاستەوخۆ و کارای کۆمەڵانی خەڵک، کۆتایی هێنرا بە دڕندەترین ڕژێمی دیکتاتۆری و لەناوبردنی ڕژێمی بەعسی خوێنڕێژ.
هەر لەو ڕۆژەوە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، دایکی شەهیدان، بە هەناسەی ئازادییەوە چاوەڕوانی خۆشگوزەرانی و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئایندەیەکی باشتریان دەکرد، بەڵام دوای تێپەڕبوونی ٣٢ ساڵ بەسەر ئەو ڕاپەڕینە مەزنەدا، ئێستا کەمینەیەکی خۆسەپێن دەیانەوێت بە یادەوەری و بە دروشمی دوژمنکارانە جەماوەر لە چاوەڕوانیدا بهێڵنەوە، دەیانەوێت ئەو ئازادیی و دیموکراسییە زەوت بکەن کە بەرهەمی ڕاپەڕین بوو، تەنانەت بوونەتە مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و ئەزموونەکەشمان، هەڵسوکەوت و ڕەفتارە هەڵە و ناپەسەندەکانی ئەو کەمینە بەناو سیاسییە سهروهریی یاسا و مافەکانی مرۆڤ و ئاسایشی كار و كهسابهت و ژیانی هاووڵاتیانیان خستۆتە مەترسییەوە.
دوای چەندین ساڵ چاوەڕوانی و لەم ساڵیادەی ڕاپەڕیندا جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە کە لە شێوازی حکومڕانیکردنی ئەم هەرێمەدا هەڵەی گەورە کراوە و پێچەوانەی دروشمەکانی ڕاپەڕین و چاوەڕوانییەکان کارکراوە، پێویستە بە پشتیوانی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان ئەم شێوازە چەوت و نالەبارە ڕاست بکەینەوە، ڕاشکاو و ڕاستگۆبین لەگەڵ کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، چیتر میللەتەکەمان بە پەیام و دروشمی بریقەدار لە چاوەڕوانیدا نەهێڵینەوە. ڕێگە بە عینادیی سیاسی و خۆسەپێنی نەدرێت تا کۆمەڵانی خەڵک بیر لە ڕاپەڕینێکی تر نەکەنەوە بۆ ڕزگاربوون لەو زوڵم و ستەمەی ئێستا لێیان دەکرێت.
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان