مەسرور بارزانی داوا لە تیمی یەكێتی دەكات بگەڕێنەوە بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران
  2023-03-06       626       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا داوای لە تیمی یەكێتی كرد بگەڕێنەوە بۆ كۆبونەوەكانی ئەنجونی وەزیران و دەشڵێت، "راکردن لە بەرپرسیاریەتی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات."

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە،بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دەستپێکی کۆبونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی و یەکگرتویی و یەکڕیزی خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان کردەوە لە پێناو پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان و داکۆکیکردن لە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان .

لە بەشێکی دیکەی گتەکانیدا، سەرۆک وەزیران داوای لە تیمی وەزاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە بگەڕێنەوە بۆ کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، "چونکە بەشداری نەکردن لە کۆبونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات."

سەرۆك وەزیران وتیشی "چەندین جارە داوا لە تیمی وەزاری بەڕێزی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکرێ بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و لە ئاستی بەرپرسیارەتی خۆیان و متمانەی خەڵک و پەرلەمان بن. بە نوسراوی فەرمیش، داوایان لێکراوە کە بگەڕێنەوە ، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ڕێگەیان پێ نەدراوە بەشداری بکەن."

مەسرور بارزانی وتیشی"ئەنجومەنی وەزیران شوێنی خزمەتکردنی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانە و بەشداری نەکردن لە کۆبونەوەکان و ڕاکردن لە بەرپرسیاریەتی، چارەسەری هێچ کێشەیەک ناکات و بە پێچەوانەوە، بەرامبەر بە سوێندی یاسایی خۆیان و خەڵکی کوردستان دەکەونە بەردەم بەرپرسیاریەتییەکی گەورە."

بەپێی راگەیەندراوەكە، "لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، لە ڕاپۆرتێکی بەرفراواندا، كار و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پەروەردەی خستەڕو، کە بریتی بو لە پێداچونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەکان ، خزمەتگوزارییە دیجیتەڵییەکان، ژێرخانی پەروەردەیی و بەشداری هەرێمی کوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەکان."

بڕگەی دوەم، بریتی بو لە "خستنەڕوی ڕەشنوسی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی شوشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆری ئیتیحادی ساڵی 2015 لە هەرێمی کوردستان کە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان خرایەڕو."

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، بەرەنگاربونەوەی پرۆسەکانی سپیکردنەوە و شوشتنەوەی مایە و ڕێگريگرتنە لە مایەدارکردنی تیرۆر و لێکەوتە زیانبەخشەکانی لە سەر ئابوری و کۆمەڵگە ."

ئەوەش خراوەتەڕو"ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد."

بەپێی راگەیەندراوەكە "لە بڕگەی کۆتاییدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، پێشنیاری دوبارە ڕێگەپێدان بە دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی پێشکەش کرد کە ماوەی چەند ساڵێکە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەستاوە ."

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، کە "بەدواداچونی ورد و هەمەلایەنی ئەم بابەتە بکرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی گشتگیردا، بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بکرێت، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاوڵاتییان و پێشخستنی بواری تەندروستی و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم بۆ چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراک، کە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێمی کوردستان دابمەزرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×