دەنگی ئەمەریکا، ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاویكردۆتەوە، بڕیارە ئه‌دهه‌م بارزانی، ئه‌ندامی پێشوی سه‌رکردایه‌تی پارتی و ئامۆزای مه‌سعود بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی سیاسی ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم قه‌واره‌یه‌کی سیاسی نوێ دابمەزرێنێت، به‌ڵام هێشتا بڕیاریان نه‌داوه به‌شداری له‌هه‌ڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی په‌رله‌مانی کوردستان بکەن.
ئاوێنە: بەپێی راپۆرتێكی بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، قه‌واره سیاسییه‌کە ناوی "هێڵی سێیه‌م" دەبێت و بەوتەی کەسانی نزیک لە ئەدهەم بارزانی، دەیەوێت جیاواز لە حزبە دەستەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم کار بکات.
وریا سه‌عید ر‌واندزی کە کەسی دوەمی قەوارەكەیە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "به‌شێک نابین له سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کان و جیاوازیش ده‌بین له شێوازی کارکردنی حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌کان. به‌رنامه‌که‌مان ده‌خه‌ینه به‌رده‌م خه‌ڵک تا ڕای خۆیانی له‌سه‌ر ده‌رببڕن؛ پێمانوایه ده‌توانین به‌شێک له‌و بۆشاییه سیاسییه پڕ بکه‌ینه‌وه که له هه‌رێم دروستبوه."
هەروەها راشیگەیاند، "هه‌ڵسه‌نگاندنی وردمان نه‌کردوه بۆ پێگه‌و قه‌باره‌مان، به‌ڵام کاری باشمان له‌ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی وڵات کردوه، په‌یوه‌ندی فراوانمان له‌گه‌ڵ که‌سایه‌تییه سیاسییه کاریگه‌ره‌کان دروستکردوه‌و به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی خه‌ڵکیش، ده‌توانین بۆشاییه سیاسیه‌کان پڕبکه‌ینه‌وه‌و پێگه‌مان هه‌بێت."
ئه‌دهه‌م بارزانی، سه‌رۆکی قه‌واره سیاسییه نوێیه‌که، ئامۆزای مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌و له ساڵی 1962 له دایکبوه. له ساڵی 1988 حزبوڵای شۆڕشگێڕی دامه‌زراندوه‌و دوای راپه‌ڕینی ساڵی 1991و دامه‌زراندنی په‌رله‌مانی کوردستان، بوه‌ته ئه‌ندام له‌و په‌رله‌مانه‌دا.
ئه‌دهه‌م بارزانی پێشتر ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی بو به‌ڵام له ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌دا تێکچوه. سه‌رچاوه‌یه‌ک له قه‌واره‌ی سیاسی "هێڵی سێیه‌م" که داوای‌کرد ناوی بڵاونه‌کرێته‌وه به ده‌نگی ئه‌مه‌ریکای وتوە، ئه‌دهه‌م بارزانی له ئێستادا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پشتگیرییەو "لە په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ خه‌ڵکانی نوخبه‌ی ناوخۆی هه‌رێم و ده‌ره‌وه‌ی وڵات و ڕایان له‌سه‌ر قه‌واره سیاسییه‌که وه‌رده‌گرێت و هه‌وڵی به‌شداری پێکردنیشیان ده‌دات."
وریا سه‌عید ر‌واندزی ڕەتیکردەوە کە ناوی دامەزرێنەرانی قەوارەکە ئاشکرا بکات بەڵام وتویەتی، که‌سایه‌تی سیاسی و ڕۆشنبیر له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی هەرێمی کوردستان به‌شدارن.
ئەو ڕایگەیاندوە، تا ئێستا ناوی قه‌واره‌که‌یان له کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق و هه‌رێم تۆمار نه‌کردوه بۆ به‌شداری له هه‌ڵبژاردنی داهاتوی هه‌رێم و عێراق، به‌ڵام بڕیاره به‌م نزیکانه کۆببنه‌وه‌و له‌و باره‌یه‌وه بڕیار بده‌ن.
وریا سه‌عید ر‌واندزی پێشتر سکرتێری پارتی کاری سه‌ربه‌خۆی کوردستان بوه. دواتریش بوە بە راوێژکاری سیاسی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری کۆچ‌کردوی عێراق و پاشانیش نوێنه‌ری حکومه‌تی سوید بوه له فه‌ڵه‌ستین.
وریا ر‌واندزی لە بارەی ئامانجی قەوارەکە بەدەنگی ئەمەریکای وت، "ئێمه سیاسه‌ت به ڕق و کینه‌وه ناکه‌ین، دژی هیچ حزب و سه‌رکرده‌یه‌ک نین، به‌ڵام ڕه‌خنه‌ی خۆمان هه‌یه له به‌رنامه‌ی سیاسی و ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تی پارتی و یه‌کێتی، بۆیه به‌م نزیکانه دیراسه‌ی به‌شداریکردن له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ده‌که‌ین و بڕیاری لێده‌ده‌ین."
هێشتا قه‌واره سیاسییه نوێیه‌که بڕیاری له‌سه‌ر شێوازی کارکردنی له‌ناوخۆی هه‌رێم و دانانی بنکه‌و باره‌گا نه‌داوه، له کاتێکدا ئه‌دهه‌م بارزانی سه‌رۆکی قه‌واره‌که، ناکۆکی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌یه‌و له مانگی ته‌مموزی ساڵی 2022 ه‌وه له وڵاتی ئێرانه.