زانیاری شۆکهێنەر لەبارەی فەرمانبەرانەوە ئاشکرادەکرێت
  2023-03-07       498       

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، فەرمانبەران لەسەرجەم دامودەزگاکان ئەرکەکانیان لەماوەی 10 خولەکدا کۆتایی دێت و بەرهەمێکی ئەوتۆیان نیە، بۆیە پێویستە حکومەت بەرنامەیەک دابڕێژێت و وەزارەتەکان لە بەکاربەرەوە بۆ وبەرهەمهێنەر بگۆڕێت.

ئاوێنە: جەمال کۆچەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرهەمی فەرمانبەران لە 10 خولەک تێناپەڕێت لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، بۆیە تەنانەت یەکخستنی وەزارەتەکانیش کێشەی فەرمانبەران چارەسەر ناکات چونکە ئەرکی فەرمانبەران نەکراوەتە بنەمایەکی سەرەکی.

ئەو پەرلەمانتارە داوا لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکات، وەزیرانی کابینەکەی بەرنامەیەک دابڕێژن بۆ گۆڕینی وەزارەتەکان لە بەکاربردنەوە بۆ بەرهەمهێنان، تاوەکو چیتر بودجە وەرنەگرن بۆ پرۆژەکان و وەزیرەکانیش موڵک و ماڵی پێبکڕن. 

دەشڵێت، "پێویستە سەرۆک وەزیران وەبەرهێنانی راستەقینە لە بودجەی ئەمساڵدا بکات بۆئەوەی بودجەیەکی ڕاستەقینەی گەشەپێدان بێت، وەزارەتەکانیش لە بەکاربەرییەوە بگۆڕین بۆ بەرهەمهێنان، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی کار و بەرهەمی فەرمانبەران، چونکە ئێستا ئیفلیجیەکی زۆر لەناو کەرتی وەزیفیدا دروستبوە".

ئاشکراشیکردوە، "چارەسەری زۆر هەیە، لەوانە هاوبەشی نێوان کەرتی گشتی و تایبەت، یان چون بەرەو حکومەتێکی کەرتی تایبەت، واتە وەزارەت بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیە سەرەکیەکە دەمێنێتەوە و هەندێک لە ئەرکەکانی بەکەرتی تایبەت بدرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×