وەزیری بەرگری ئەمریكا داوا دەكات سەركردەكانی هەرێم كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن
  2023-03-07       544       

وەزیری بەرگری ئەمریكا، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ یاداشتی لێكتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریكاو وەزارەتی پێشمەرگە دوپاتكردەوەو داواشی لە سەركردەكانی هەرێمی كوردستان كرد، كۆتایی بە ناكۆكییەكانیان بهێنن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمریكا لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان كۆبونەوە. پاش کۆبونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشییان ئەنجامدا.

لە سەرەتای كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا، نێچیرڤان بارزانی وتی "هاوڕابوین لەسەر ئەوەی كە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە بۆ سەقامگیری ناوچەکە"، جەختیشی کردەوە لەوەی "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری دەبێت بۆ ناوچەکە... سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکا دەکەین بۆ هێزەکانی پێشمەرگە."

پاشان وەزیری بەرگری ئەمریكا وتی"سوپاسی هێزی پێشمەرگە دەكەم كە توانیویەتی لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا، رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت لە شەڕی دژبە داعش."

جەختیشی كردەوە كە هێزەكانی وڵاتەكەی لەسەر بانگهێشت و داواكاری حكومەتی عێراق لەم وڵاتەن بۆ ئەوەی بتوانن یارمەتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بدەن لە شەڕی دژی داعشدا.

هەروەها وتیشی"لە هەمان كاتدا دەمەوێت پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنە دوپات بكەمەوە كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە ئیمزای كردوە. ئەو لێكتێگەیشتنە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێمە بەردەوام دەبین لە پێكەوەكاركردن و دابینكردنی ئارامی و ئاسایش لەگەڵ ئەنجامدانی چاكسازی."

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لۆید ئۆستن وتی"داعش تاوەكو ئێستاش هەڕەشەیە لەسەر ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی، بۆیە هەماهەنگی و پێكەوەكاركردنمان زۆر گرنگە. هەروەها هەماهەنگی و پێكەوە كاركردنی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی عێراق زۆر زۆر گرنگە."

وتیشی"ئەوەی جێگەی داخە دەبینین كە داعش تەنها هەڕەشەی سەر ناوچەكە نییە، ئەمریكا سەركۆنەی هێرشە بەردەوامەكانی ئێران دەكات و ئەم هێرشانە پێشێلكارییەكی رونی سەروەری عێراقن و ژیانی هاوڵاتیانی عێراقی دەخەنە مەترسییەوە."

جەختیشی كردەوە كە "ئەمریكا بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی شانبەشانی خەڵكی عێراق بوەستێت و جەخت لەوە دەكەینەوە كە عێراق رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیەو هەولێرو بەغدا دەبێت پێكەوە كاربكەن بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندیی تەواوی عێراقییەكاندا بێت."

هەروەها سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش وەزیری بەرگری ئەمریكا وتی"دەبێت سەركردەكانی هەرێمی كوردستان واز لە ناكۆكییەكانی نێوانیان بهێنن و پێكەوە كاربكەن بۆ ئەوەی بتوانن ئارامی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن."

وتیشی"چاوم لەوەیە كە هاوبەشی و پێكەوەكاركردنمان(لەگەڵ هەرێم) زیاتر پەرەپێبدەین."

لەلایەكی دیكەوە سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگری ئەمریكای خستۆتەڕو.

بەپێی راگەیەندراوەكە، له‌ كۆبونه‌وه‌‌كەدا كه‌ جێگرانى سه‌رۆك و به‌رپرسانى باڵاى وه‌زاره‌تى ‏پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ بون، په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى ‏كوردستان، دۆخى ئه‌منى و دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر، كێشه‌كانى ‏هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و هه‌ماهه‌نگيى پێشمه‌رگه‌ و ‏سوپاى عێراق بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى داعش، تاوتوێ كران.‏

وه‌زيرى به‌رگريى ئەمریكا‎ ‎به‌رده‌واميى پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دوپات ‏كرده‌وه‌و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ "به‌بايه‌خه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ى ‏پێشمه‌رگه‌ ده‌ڕوانن و هه‌مو هاوكارييه‌كى پێويست بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌ ‏پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ى ياداشتى لێكگه‌يشتنى پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى ‏پێشمه‌رگه‌.‏"

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"هه‌ردولا هاوڕا بون كه‌ تيرۆر و داعش هێشتا مه‌ترسين و هه‌ڕه‌شه‌ى ڕاسته‌قينه‌ن ‏له‌ عێراق و سوريا و بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌يان و نه‌هێشتنى يه‌كجاره‌كييان، عێراق و ‏هه‌رێمى كوردستان، هێشتا پێويستييان به‌پشتگيریی ئه‌مه‌ريكاو هاوپه‌يمانيى ‏نێوده‌وڵه‌تييه‌. هه‌روه‌ها هاوڕابون له‌سه‌ر گرنگيى كارى پێكه‌وه‌يى و هاوبه‌ش له‌ ‏ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى.‏"

نێچيرڤان بارزانى، ‏دوپاتى كرده‌وه‌ كه‌ "وێڕاى ته‌گه‌ره‌كانيش، پرۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌ى ‏پێشمه‌رگه‌ سه‌رده‌خه‌ن.‏"

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌مه‌ريكا پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كانى هه‌ولێرـ به‌غدا نيشان دا و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانى ‏هان دا بۆ يه‌كڕيزى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان.‏

پەیوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، تاوتوێكردنى ‏دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×