قوباد تاڵەبانی: پشتگیری پەسەندكردنی یاسای نەوت و غاز بەڕەزامەندی هەمو لایەك دەکەین
  2023-03-07       679       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ سێشەممە، لەکۆبونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی کارگێڕی کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی رایگەیاند؛ پشتیوانی لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و غاز بە رەزامەندی هەمولایەک دەكەن، كە ئەوەش بە بڕوای ئەو، ژینگەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرە فراوانتر و باشتر دەکات.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكدی نوسینگەكەی، لە كۆبونەوەكەدا كە لە سلێمانی بەڕێوەچو و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیبو، باس لە چۆنییەتی بەڕێوەچونی کارەکانی کۆمپانیای دانەغاز لە کوردستان و دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرا.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی تیشکی خستەسەر دواپێشهاتە سیاسییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

جێگری سەرۆک وەزیران، باسی لەهەوڵەکانی ئامادەکردنی یاسای نەوت و غاز کرد لە عێراق و وتی"پشتگیری تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غاز دەکەین کە بە ڕەزامەندی هەمولایەک پەسەندبکرێت، چونکە بە پەسەندکردنی ئەو یاسایە ژینگەی وەبەرهێنان لەو سێکتەرە فراوانترو باشتر دەبێت."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە "لە کۆبونەوەکەدا وەفدی کۆمپانیای دانەغاز پلان و ئەولەوییاتی کاری خۆیان خستەڕو و ستایشی هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانییان کرد کە لەڕوی ئەمنی و هەروەها کارئاسانیکردن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان لە کێڵگەی کۆرمۆر هاوکاریان بوە."

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×