ئەلینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەی سەردانی وەزیری بەرگری وڵاتەكەی بۆ هەولێر، رایگەیاند، واشنتۆن پابەنددەبێت بە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكان بۆ یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە.
ئاوێنە: ئەلینا رۆمانۆوسكی، ئێوارەی ئەمڕۆ لە تویتێكدا وتویەتی"لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە هەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوەوە بۆ دوپاتكردنەوەی شەراكەتمان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان."
جەختیشی كردۆتەوە كە "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پابەند دەبێت بە پاڵپشتیكردنی هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ نوێكردنەوەو یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە لەپێناو گەرەنتیكردنی تێكشكاندنی هەمیشەیی داعش."