دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرۆکی هەرێم چاوەڕوانی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی کردوە، بۆیە رۆژی هەڵبژاردنی دیاری نەکردوە. دەشڵێت"ئەگەر رێکیشنەکەون، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێش مانگی ئایار رۆژی هەڵبژاردن دیاری دەکات".
ئاوێنە: دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و دواخستنی هەڵبژاردن، بە روداوی راگەیاند، ناکۆکییەکان هێندە زۆر نین کە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان یان مەترسیی پێکدادانیان هەبێت.
وتیشی"ئەوانەی ئێستا باس دەکرێن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و بەڕێوەچونی هەڵبژاردن، پێش درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستانیش لە پێشنیازەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستاندا هەبون".
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد کە لەسەر رێکنەکەوتن لەسەر بەڕێوەچونی هەڵبژاردن "زیانێکی زۆر" بەر هەرێمی کوردستان کەوتوە. بەوتەی ئەو، تاوەکو ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتی هەڵبژاردنی دیاری نەکردوەو چاوەڕوانی کۆبونەوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بوە.
راوێژکارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان مانگەکانی 10 بۆ 11ی ئەمساڵی پێ باشە بۆ بەڕێوەچونی هەڵبژاردن. وتیشی، ئەگەر رێککەوتنی سیاسیش نەکرێت، "پێش مانگی پێنج و زوتریش" سەرۆکی هەرێمی کوردستان کاتی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
وتەکانی دڵشاد شەهاب لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی بۆ جاری دووەم بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ رێککەوتن لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆببنەوە.