قوباد تاڵەبانی:حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاربێت لە بووژانەوەی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار
  2023-03-08       443       

ئەمڕۆ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئانالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە.

ئاوێنه‌: نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەت بڵاویکردەوە:" قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر لەگەڵ ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبووەوە و تیایدا دەرباز کۆسرەت رەسوڵ کارگێڕی مەکتەب سیاسی یەکێتی و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون.

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەکدا هاتووە:" جێگری سەرۆک وەزیران پشتگیری خۆی بۆ حکومەتەکەی سودانی دووپات کردەوە و هیوای خواست حکومەتی نوێی عێراق بتوانێت پڕۆژە یاسای بودجە و پڕۆژە یاسای نەوت و گاز بەجۆرێک ئامادە بکات کە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقدا بێت. راشیگەیاند رێککەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و گاز دەرگا دەکاتەوە بەڕووی چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا و دەبێتە هۆی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و بووژانەوەی ئابوری لە هەموو عێراقدا".

ئاماژە بەوەش کراوە:" لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا و هەردوولا هاوڕابوون دەبێت ناکۆکییە سیاسییەکان لەڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەر بکرێن. لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند حکومەتی ئەڵمانیا پشتیوانی لە هەرێمی کوردستانی یەکدەنگ و یەکگرتوو دەکات، هەربۆیە پێویستە ناکۆکییە ناوخۆییەکان چارەسەر بکرێن.

باسیش لەوە کراوە:" سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغداش، ئەنالینا بێربۆک جەختی کردەوە حکومەتی ئەڵمانیا پشتگیری لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نیوان هەولێر و بەغدا دەکات و پێویستە پەیوەندییەکی بەهێز و تۆکمە لەسەر بنەمای دەستور لەنێوان هەردوو حکومەتدا هەبێت بۆ ئەوەی ببێتە مایەی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی و بووژانەوەی ئابوری لە هەموو عێراقدا".

نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی راشیگەیاندووە:" لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئەڵمانیا کرا و لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەڵمانیای کرد کە لە ماوەی رابردوودا بە ناردنی پسپۆڕ و راوێژکار لە بوارە جیاوازەکاندا یارمەتی هەرێمیان داوە و هیواشی خواست ئەم هاوکارییانە بەردەوام بێت".

بە گوێرەی بڵاوکراوەکە، جێگری سەرۆک وەزیران داواشیکرد حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاربێت لە بووژانەوەی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو ناوچەکانی کوردستان بە شێوەی هاوسەنگ گەشە بکەن و بووژانەوەی ئابوری بەخۆوە ببینن".

لەلایەکی دیکەشەوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی شەنگال کرا و لەمبارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شەنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان پێویستە بەر لە هەر شتێک گوێ لە خەڵکی شەنگال و داوکارییەکانیان بگیرێت. وتیشی شەنگال دۆخێکی هەستیاری هەیە و پێویستە لە جێبەجێکردنی هەر پلان و بەرنامەیەکدا هەستیاری دۆخی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت.

بە بۆنەی رۆژی جیهانی ژنانیشەوە لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی ژنان لە کوردستان کرا، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا لە کوردستان ژنانی بەهێز و خاوەن بیرۆکە هەن کە دەیانەوێت ببنە خاوەنکار و پڕۆژەی خۆیان و لەم چوارچێوەیەشدا داوایکرد حکومەتی ئەڵمانیا و رێکخراوەکانی ئەو وڵاتە گرنگی زیاتر بدەن بە هاوکاریکردنی ژنانی خاوەن بیرۆکە بۆ ئەوەی پێگەی ژنان لە بازاڕی کاری کوردستاندا بەهێزتر بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×