مەحمود سەنگاوی، سەركردە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێی وایە دۆخی یەكێتی و پارتی خراپەو تا پارتی و یەكێتیش لە دەسەڵاتدا بن، دۆخی كورد بەو جۆرەی ئێستا دەبێت. جەختیش دەكاتەوە كە پارتی و یەكێتی لە دەسەڵاتدا نامێنن.
ئاوێنە: مەحمود سەنگاوی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا دۆخی یەكێتی بە دۆخێكی خراپ ناوبردو لەبارەی دوایین كۆنگرەی یەكێتیشەوە وتی"ئەوە كۆنگرە نەبو، ژورێك دانرابو لەوێ بڕیار دەدرا كێ دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی و كێ نابێت." ئەوەشی خستەڕو"من بۆ خۆم لە كۆنگرە دوەم دەنگم هێناوە، لە بافڵ تاڵەبانی دەنگم زیاتر هێناوە، تەها لاهور دەنگی لە من زیاتر هێناوە."
لەبارەی دۆخی یەكێتیش وتی"مام جەلال ئەیوت یەكێتی حزبی رەنجدەرانی بیرو بازوە، ئێستا رەنجدەرانی بیر و بازو لە ئێمەوە دوركەوتونەتەوە. دۆخی پارتیش باش نییە، بەڵام پارتی دۆخی لە ئێمە باشترە. ئەوان لە ئێمە یەكگرتوترن."
وتیشی"دەرمانی دەردی یەكێتی ئەوەیە هەمومان كۆببینەوە و بڕیار بدەین و بچینە مەیدان بۆ هەڵساندنەوەی یەكێتی."
هەروەها وتیشی"یەكێتی وەكو عەشیرەتەكانی ئێستای لێهاتوە، هەر عەشیرەتێك و چوار پێنج كەسی لێ راستبۆتەوە ئەڵێت، من سەرۆك عەشیرەتم. گۆڕان جیابوەوە، كاك نەوشیروان رۆیشت ئەو گورزە گەورەیەی لە یەكێتی دا. كاتی خۆی مەلا بەختیار جیابوەوە، گورزی لێ دا. ئێستاش لاهور، بەو جۆرە، كە ئەوەش گورزێكی ترە لە یەكێتی."
لەبارەی كێشەی یەكێتی و پارتی و كشانەوەی تیمی یەكێتی لە حكومەت، مەحمود سەنگاوی وتی"پشتیوانی لە هەڵوێستی كشانەوەی تیمی یەكێتی لە حكومەت دەكەم، بەڵام ئەوە بەتەنها بەس نییە. ئێمە لەوێ كشاوینەتەوە بەڵام ئەو بەردەوام ئیشی خۆی دەكات. دەبێت شتێكی تر بكەین و گوشار لە پارتی بكەین مافەكانمان بداتێ."
بەقسەی مەحمود سەنگاوی "مەسرور بارزانی، وەك سەرۆكی حكومەت، جیاوازییەكی زۆری كردوە لەنێوان حزبەكەی خۆی و یەكێتی، بۆیە ئەو هەڵایە دروست بوە. هەتا ئەو كاتەی پارتی و یەكێتی وەك یەك تیم كار نەكەن لەم وڵاتە، دۆخەكە لەم باشتر نابێت."
وتیشی"مەسرور بارزانی، خراپترین سەرۆكی حكومەت بوە. چونكە نەیتوانیوە پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێرو بەغدا رێكبخات."
هەروەها وتیشی"هەتا ئەو كاتەی ئاڵوگۆڕ لە دەسەڵاتدا رونەدات، پارتی و یەكێتی دور نەكەونەوە لە دەسەڵات، حاڵمان هەروا دەبێت، با گروپی تر بێن، بزانین ئەوان چۆن دەبن."
بە بڕوای ئەو سەركردەیەی یەكێتی "پارتی و یەكێتی لە دەسەڵاتدا نامێنن." وتیشی"ئەو هێزە سەربازییەی هەمانە وردە وردە لەدەستمان دەردەچێ، نە هێزەكەی پارتی دەنگ دەداتە پارتی و نە هێزەكەی یەكێتی دەنگ دەداتە یەكێتی...لە هەڵبژاردنی پێشودا لایەنە ئیسلامییەكان لەناو هێزەكانی ئێمە لە دوكان دەنگیان زیاتر هێنا."
هەروەها جەختیشی كردەوە" پارتی و یەكێتی بەو دۆخەی ئێستاوە بەردەوام بن، سەری كورد دەنێنە قوڕ."