هەسەدە: نۆ ئەندامی هێزەکانمان لە کەوتنەخوارەوەی دو هەلیکۆپتەر لە دهۆک شەهیدبون
  2023-03-17       589       

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، ئێوارەی 15ی ئەم مانگە دو هەلیکۆپتەر کە نۆ ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆری رۆژئاڤای تێدابوە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە لە دهۆک کەوتونەتەخوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ ئەندامی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستداوە، داواش لە حکومەتی هەرێم دەکات هاوکاریان بێت لە گەڕاندنەوەی تەرمەکانیان بۆ باکور و رۆژهەڵاتی سوریا.

ئاوێنه‌: هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێکدا ئەوەشی خستوەتەڕو، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی تایبەت بە روبەڕوبونەوەی داعش و هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزمون و زانیاری، رۆژی 15ی ئەم مانگە نۆ ئەندامی هێزەکانی دژەتیرۆری رۆژئاڤا (YAT) بە دو هەلیکۆپتەر ویستویانە بەرەو شاری سلێمانی بڕۆن لە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەڵام لەرێگەی گەشتەکەیاندا لە دهۆک هەردو هەلیکۆپتەرەکە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە کەوتونەتەخوارەوە و لە ئەنجامدا نۆ ئەندامی دژەتیرۆر گیانیان لەدەستداوە، یەکێک لەوانەشی شەهیدبوە شەرڤان کۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆرە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، هێزەکانی دژەتیرۆری رۆژئاڤا (YAT) رۆڵێکی گەورەیان گێڕاوە لە شەڕی دژی داعش لە کۆبانێ، رەققە و دێرەزور و هاوبەشی سەرەکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین لە دژی داعش، بۆیە بەردەوام هەوڵیان داوە ئاڵوگۆڕی ئەزمون و زانیارییان لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی دژەتیرۆری ناوچەکە هەبێت.

باسی لەوەشکردوە، لەکاتێکدایە سەرەخۆشی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، خێزانی شەهیدەکان و رۆڵەکانی گەلی سوریا دەکەن، جەختیش لەسەر بەردەوامی بەرگریکردن لە خاکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە دژی تیرۆر دەکاتەوە، داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات هاوکارییان بێت بۆ گواستنەوەی تەرمی شەهیدەکان بۆ رۆژئاڤای وڵات و بەگوێرەی رێکارە یاساییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×