لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ٤٩ ھەزار مۆلیدەی ئەھلی کار دەکات
  2023-03-17       449       

وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، نزیکەی 49 هەزار موەلیدەی کەرتی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، کە حەوت ملیۆن هاوبەش سوودیان لێوەردەگرن. بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەڵێت، “زۆربەی موەلیدەکانی هەولێر بێدەنگن.”

ئاوێنە: وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامارەکانی رووپێوێکی بڵاوکردەوە، کە تایبەتە بە ژمارەی موەلیدەکانی کەرتی تایبەت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، ئامارەکان دەریدەخات 48 هەزار و 533 موەلیدە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەن.

بەپێی رووپێوییەکە 44 هەزار و 640 کەس لەو موەلیدانە کار دەکەن و بە سەرجەمیان مانگانە 200 ملیۆن و 648 هەزار دینار وەردەگرن، ژمارەی ئەو کەسانەشی سوودمەندن لە موەلیدەکان شەش ملیۆن و 700 هەزار و 665 هاوبەشن، مانگانە 25 ملیۆن و 875 هەزار و 722 ئەمپێر کارەبا دەدەن و لە بەرامبەریشدا مانگانە سێ ملیار و 479 ملیۆن دینار لە هاوبەشەکانیان وەردەگرن.

قارەمان مەولوود، بەرپرسی موەلیدە ئەهلییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بە تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیکەی دوو هەزار و 200 موەلیدەیان هەیە. گوتیشی، “زۆربەیان بێدەنگن.”

بەپێی زانیارییەکان جگە لە موەلیدەی هۆتێل، رێستۆڕانت و شوێنە تایبەتەکان، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5,500 موەلیدەی کەرتی تایبەت هەن؛ لە سەنتەری شاری هەولێر هەزار و 130 موەلیدە هەن.

هەروەها بەپێی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی، تەنیا لەنێو سەنتەری سلێمانیدا 545 موەلیدە هەن، جگە لە موەلیدەی شوێنە بازرگانییەکان، لە دهۆکیش نزیکەی دوو هەزار و 500 موەلیدە هەن، تەنیا لە سەنتەری شارەکە 570 موەلیدە هەن، لە هەڵەبجەش 48 موەلیدە، لە ئیدارەی راپەڕین 160 موەلیدە، لە کەلار 120 موەلیدە، لە قەزای دەربەندیخان 33 موەلیدە و لە کفریش 29 موەلیدە هەن.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار هاوبەشی کارەبای نیشتمانی هەن و لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا سوود لە موەلیدەکان وەردەگرن، جگە لە بەشێکی گوندەکان کە موەلیدەیان نییە.

بەگوێرەی وەزارەتی کارەبا، توانای بەرهەمهێنانی وێستگەکانی کارەبا سێ هەزار و 600 مێگاواتە، بەڵام خواست دوو هێندەیە، بەهۆیەوە کاژێرەکانی کارەبا کەمن، لە گەرمیان 16 بۆ 17 کاژێر، لە هەولێر 14 کاژێر و لە سلێمانی و دهۆک کەمتر کە 11 کاژێر کارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاونیشتمانییان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×