مەسرور بارزانی: پێمان باشە جێگری سەرۆک وەزیران‌و تیمی وەزاری یەکێتی بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران
  2023-03-18       517       


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختله‌بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان ده‌كاته‌وه‌و داواش له‌جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان كرد بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران.

ئاوێنه‌: ئێوارەی رۆژی شەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و 40 باڵیۆز و 83 نوێنەری وڵاتان، ئاهەنگی یادەکانی ئادار و نەورۆز و سەری ساڵی کوردی لە چیای کۆڕەک بەڕێوەچوو.

مەسرور بارزانی ونارێكی‌ پێشكه‌شكردو ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و رایگەیاند، "خۆشحاڵم دەتوانم بڵێم دوای چەندین کۆبوونەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوتاکانمان لە حکومەتی فیدراڵی گەیشتووینەتە هەندێک رێککەوتنی سەرەتایی."

وتیشی، "لە دوایین کۆبوونەوەشم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ، رێککەتووین کێشە و جیاوازییەکانمان بگۆڕین بۆ دەرفەت، زۆرێک لە کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بکەین و پلان دابنێین، بزانین چۆن بەرەو پێشەوە بڕۆین و هەماهەنگی بکەین."

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، "زۆر گەشبینم دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین. ئیتر ئەو کێشانە لەبارەی بودجە یان یاسای نەوت و غاز و ئاسایش و چەندین بواری دیکە کە دەتوانین پێکەوە کار بکەین و خزمەتی هەموو عێراق بکەین."

لەبارەی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی‌، "ئێمە لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە، بەتایبەتی لەم بۆنەیەدا کە دوای دوو رۆژی دیکە ساڵی نوێیە، راگەیەندراوێکم دەبێت و لەو راگەیەندراوەمدا ئاماژە بەوە دەکەم کە پێمان باشە جێگری سەرۆک وەزیران و تیمی وەزاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە شوێنی چارەسەرکردنی کێشەکان."

هەروەها مەسرور بارزانی جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، "دەتوانین هەموو کێشەکان چارەسەر بکەین ئەگەر نیەت و خواستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەمان هەبێت، بەدڵنیاییەوە دەتوانم پێتان بڵێم من ئەو نیەت و خواستەم هەیە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×