وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت: 400 ملیار دینارەكەی بەغدا بۆ موچەی مانگی شوبات تەرخان كراوە
  2023-03-23       651       

وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی چارەنوسی ئەو 400 ملیار دینارەی لەلایەن بەغداوە رەوانەی هەرێم كرا رونكردنەوە دەدات و دەڵێت، "بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە بۆ موچەی مانگی شوبات تەنها 340 ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ موچەی مانگی شوبات تەرخان کراوە."

ئاوێنە: وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ڕۆژی 14ی ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبو 400 ملیار دینارەکە تەنها بۆ موچە هاتوەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت."

جەختیشی كردۆتەوە كە "جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتوە."

بەقسەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم "بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ موچەی مانگی شوبات تەنها 340 ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لەگەڵ 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ موچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتهێنانەشی دروست بوە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکو چۆن پێشتر کراوە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئاگادار رایگه‌یاند، كۆمپانیاكانی‌ بواری‌ نه‌وت فشاریان له‌حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كردووه‌ بۆ پێدانه‌وه‌ی‌ قه‌رزه‌كانیان، له‌به‌رئه‌وه‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم "ناچار بو" ئه‌و 400 ملیار دیناره‌ی‌ به‌غدا ناردویه‌تی‌ بۆ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران، به‌كاربهێنێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

هەر ئەمڕۆ سروە عەبدولواحید، سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە تویتێكدا وتی"حكومەتی فیدرال 400 ملیار دیناری ناردوە بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەو بڕە پارەیە دیار نییەو هیچ شوێنەوارێكی لە هەولێر نەماوە."

سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ وتیشی"تا ئێستا دابەشكردنی موچەی مانگی دوی فەرمانبەران تەواو نەكراوە. حكومەتی ناشەرعیی هەرێم موچەی فەرمانبەران لە مانگی رەمەزاندا دەدزێت."

دەقی رونكردنەوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حكومەتی هەرێم:

رونکردنەوەیەک لەڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

لەسەر ئەو چەواشەکاریانەی تایبەت بە پرسی 400 ملیار دینارەکە لە چەند سایت و پەیج و دەزگایەکی ڕاگەیاندن بڵاوبۆتەوە بەپێویستمان زانی ئەم ڕونکردنەوەیە بۆ ڕای گشتی بخەینەڕو.

1- بڕی ئەو 400 ملیار دینارە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ مانگی تشرینی دوەم و کانونی یەکەمی ساڵی 2022 بڕیاری لەسەر درابو، بەڵام بەچەند هۆکارێک دواخراو لە سەرەتای ئەم مانگە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان.

 2- بەڕێز وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم ڕۆژی 14ی ئازار لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبو 400 ملیار دینارەکە تەنها بۆ موچە هاتوەو بۆ هیچ بابەتێکی تر خەرج ناکرێت و موچەی مانگی ئازاریش بەبێ کێشە دابەش دەکرێت.

3- جەخت دەکەینەوە ئەو ڕێژەیەی مانگانە لەوەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم بۆ سلێمانی خەرج کراوەو خەرج دەکرێت هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتوە.

4- بەهۆی دابەزینی داهاتی نەوتەوە کە بۆ موچەی مانگی شوبات تەنها 340 ملیار دینار لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکانەوە خراوەتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە گەڵ 400 ملیار دینارەکەی بەغدا بۆ موچەی مانگی شوبات تەرخان کراوەو ئەو کورتهێنانەشی دروست بوە لە داهاتی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە، هەروەکو چۆن پێشتر کراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×