له‌کاتێکدا سه‌رۆکایەتی هه‌رێمی کوردستان واده‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستانی دیاریکرد، به‌ڵام سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان ڕه‌تیده‌کاته‌وه بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن راوێژیان له‌گه‌ڵ کرابێت و ده‌ڵێت، "هێشتا یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موارنه‌کراوه‌ته‌وه‌و کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش واده‌ی به‌سه‌رچووه، ئیتر چۆن هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌درێت."
ئاوێنه: ئه‌مڕۆ یه‌كشمه، سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ڕۆژی 18ی مانگی یازدەی 2023ی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دیاریکرد، هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانیشی راسپارد بۆ ئه‌نجامدانی کاری پێویست بۆ ئاماده‌کارییەکانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن.
دڵشاد شه‌هاب، وته‌بێژی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌کۆنگره‌یه‌کی رۆژنامه‌وانیدا داوای له‌په‌رله‌مانی کوردستان و فراکسیۆنه‌کان کرد، په‌له بکه‌ن له‌کاراکردنه‌وه‌ی کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم، تا له‌واده‌ی یاساییدا ده‌ست به‌کاره‌کانی خۆی بکات، هه‌روه‌ها داوای دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری یاسایشی کرد بۆ ئه‌و ناکۆکیانه‌ی له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌ن.
له‌به‌رامبه‌ردا رزگار حاجی حه‌مه، سه‌رۆکی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی یه‌کێتی به‌ده‌نگی ئه‌مریکای راگه‌یاندووه، "بۆ دیاریکردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن پرس به هیچ لایه‌نێکی سیاسی نه‌کراوه، پاشان گه‌ر کۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردن واده‌ی به‌سه‌رچووبێت و یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار نه‌کرابێته‌وه، هه‌ڵبژاردن چۆن ئه‌نجام ده‌درێت."
ناوبراو ده‌ڵێت، له‌کاتێکدا واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکراوه، لایه‌نه‌کان سه‌رقاڵی گفتووگۆو دانوستان بوون له‌سه‌ر هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن، ده‌شڵێت، "ئێمه نازانین له‌سه‌ر چی بنه‌مایه‌ک واده‌ی هه‌ڵبژاردن دیاریکراوه."
سه‌باره‌ت به‌ئه‌گه‌ری دروستبونی ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردندا، له‌کاتێکدا هێشتا لایه‌نه‌کان رێکنه‌که‌وتون، دڵشاد شه‌هاب وتی، "داوا له‌حزبه‌کان ده‌که‌ین به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێم له‌به‌رچاو بگرن و پشتگیری په‌رله‌مان بکه‌ن، تا هه‌نگاوی کرده‌یی بنێت بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن."
به‌ڵام رزگار حاجی حه‌مه ڕایگه‌یاندووه، "ئێمه سه‌رقاڵی لێکتێگه‌یشتن بووین، هه‌ڵبژاردن بکرێته فره بازنه‌یی، کورسییه‌کان به‌پێی داتای عێراق دیاری بکرێن و کۆمه‌ڵێک بابه‌تی تر، به‌ڵام هێشتا ئه‌مانه نه‌کراون."