دەزگای لوتكە: بەلەمێكی كۆچبەران كە زۆربەیان كوردن لە دۆخێكی نالەباردایە
  2023-03-27       380       

دەزگای لوتكە رایگەیاند، بەلەمێكی كۆچبەران بە زیاتر لە 50 كۆچبەرەوە كە زۆربەیان خێزانی كوردن، لە كەناراوەكانی دورگەی كریتی یۆنان لە دۆخێكی نالەباردایە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی دەزگاكە، شێخ حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە لە یۆنان رایگەیاندوە، سەرنشینانی ناو بەلەمەکە لە نەتەوەی تێکەڵاون و زۆربەیان خێزانی کوردن  و ژمارەیەکی زۆریش منداڵی تێدایە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، کۆچبەرەکان خۆیان پەیوەندییان بە پاسەوانانی دورگەکەوە کردوە بۆ ڕزگار کردنیان، بەلەمەکە لەلایەن بەلەمێکی ڕزگارکەری لامبرۆ هالماتیکەوە کە سەربە پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیکە کە لە دورگەی کریت جێگیر بو، ڕاکێشرا بەرەو وشکانی لە کەنارەکانی باشوری دورگەکە، بەڵام نەیانتوانیوە بیهێننە کەنارەکە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە "بەلەمەکە لە دەریای ڕۆژهەڵاتی گوندی کالۆی لیمێنێس بەجێهێڵراوە، لەکاتێکدا کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی هێلینیک لە دورەوە چاودێری دەکات."

دەزگای لوتكە وتوشیەتی"هیچ کام لە سەرنشینەکانی ناو بەلەمەکە لەسەر وشکانی نەبراونەتە شوێنێکی سەلامەت، هەروەها خواردن و ئاو و چاودێری پزیشکیشیان وەرنەگرتوە. تا ئێستا نەزانراوە  بۆچی پاسەوانی کەناراوەکان نەیانبردونەتە بەندەرەکەو تا ئێستا لە کەشتییەکەدا دانەگیراون و لە دورەوە چاودێریان دەکرێت."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەرنشینانی کەشتییەکە نیگەرانن لەوەی دوبارە بگەڕێنرێنەوە بۆ تورکیا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×