پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە گەڕەكێكی شارەكە لەسەر كێشەیەكی خێزانی شەڕ لەنێوان سێ ئامۆزادا دروست بوە، لە ئەنجامدا یەكێكیان كوژراوەو برایەكیشی برینداربو.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە رونكردنەوەیەكدا وتی"ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێکەوتی (٢٨-٣-٢٠٢٣) لەسەر کێشەیەکی خێزانی لە گەڕەکی (بەستەپیازە) شەڕێک لەنێوان سێ ئامۆزا دروست بو، لە ئەنجامدا یەکێکیان بەناوی (بارق انور مدی) تەمەن (٣٥ ساڵ) کوژرا و برایەکیشی بە ناوی (ت. ا. م) تەمەن (٤١ ساڵ) بە دەستی ئامۆزایەکیان بریندار بو."
ئاماژەی بەوەشداوە كە "دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و لە ئێستادا لە شوێنی ڕوداو سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن لە چۆنیەتی و هۆکاری ڕوداوەکە و دەستگیرکردنی تۆمەتباری بکوژ."