ئاسایشی هەولێر: درۆنێكی هێزەكانی هاوپەیمانان كەوتەخوارەوە
  2023-03-28       560       

وتەبێژی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، ئەو درۆنەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆمەڵگەی سێبیران-ی نزیك شاری هەولێر كەوتۆتە حەوشەی ماڵێكەوە، درۆنێكی هێزەكانی هاوپەیمانان بوەو بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە كەوتۆتە خوارەوە.

ئاوێنە: موقەدەم سەباح خدر، وتەبێژی ئاسایشی هەولێر بە میدیای پارتی راگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە، درۆنێکی هێزەکانی هاوپەیمانان کەوتوەتە خوارەوە.

وتەبێژی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو درۆنەی هاوپەیمانان لەکاتی مەشقدا بوەو دوای لێکۆڵینەوە هەڵگیراوەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان درۆنەكە نزیك سەعات 5:30 خولەكی ئێوارەی ئەمڕۆ كەوتۆتە نێو حەوشەی ماڵێكەوە لە كۆمەڵگەی سێبیران لە نزیك شاری هەولێر.

 بەگوێرەی زانیارییەکان بەهۆیەوە زیانی ماددی بە ماڵەکە و کارەبای ناوچەکە گەیشتوە، بەڵام زیانی گیانی لێ نەكەوتۆتەوە.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×