رۆیتەرز: وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم دانەوەی 6 ملیار دۆلار قەرزی راگرتوە
  2023-03-30       892       

ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە زاری چەند سەرچاوەیەكی بازرگانییەوە بڵاویكردۆتەوە، وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، دانەوەی قەرزەكانی هەرێمی كوردستانی بە كۆمپانیا بارزگانییەكانی وزە راگرتوە كە بەهاكەی شەش ملیار دۆلار دەبێت.

ئاوێنە: ئاژانسەكە لە زاری سێ سەرچاوەی بازرگانییەوە بڵاویكردۆتەوە، لەنێو ئەو كۆمپانیا بازرگانیانەدا كە قەرزیان لای هەرێمی كوردستانە، گەورە كۆمپانیاكانی ڤیتۆل و پێتراكۆ هەن كە ئەو دو كۆمپانیایە بەتەنها هەریەكەیان نزیكەی 750 تا 800 ملیۆن دۆلاریان لای هەرێمی كوردستانە.

ئەو سێ سەرچاوەیە، كۆی قەرزەكانی سەرجەم كۆمپانیا بازرگانییەكانیان لای هەرێمی كوردستان بە شەش ملیار دۆلار خەمڵاندوە كە بەر لە وەستانی هەناردەی نەوت ئەو پارانەیان پێشەكی لەبەرامبەر نەوتی خاو داوە.

هیچ یەك لە كۆمپانیای ڤیتۆل و پێتراكۆ و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە نەبون لەوبارەیەوە لێدوان بۆ رۆیتەرز بدەن.

هەروەها وتەبێژێك بەناوی حكومەتی عێراقییەوە ئامادەنەبوە لەبارەی قەرزەكانەوە لێدوان بدات بەڵام وتویەتی"با دەرچەیەك بۆ پرسی هەناردەی نەوت بدۆزینەوە، ئەوكات دەكرێت بابەتەكانی دیكە لەژێر گوشاری كەمتردا چارەسەربكرێن."

لەلایەكی دیكەوە راوێژكارێكی یاسایی وەزارەتی نەوتی عێراق كە ئاگاداری گفتوگۆكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بە ئاژانسەكەی وتوە، بەغدا دەیەوێت ئیدارەی هەناردەی نەوت لای كۆمپانیای سۆمۆ بێت و دەشیەوێت داهاتی فرۆشی نەوت بچێتە سەر هەژمارێكی بانكی سەربەخۆ.

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئێمە(وەك حكومەتی عێراق) قەرزیی ملیاران دۆلاری ئەو مامەڵانە نادەینەوە كە نە ئاگارییان بوین و نە بەشداربوین تێیاندا."

بەرپرسێكی دیكەی وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، تاوەكو ئێستا هیچ بەرەپێشچونێك لە گفتوگۆكاندا لەبارەی پرسی قەرزەكانەوە نییە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×