زانكۆی جیهان: تێچوی خوێندنی ئەو خوێندكارانەمان لەئەستۆ دەگرین كە لە ماستەر و دكتۆرا وەردەگیرێن
  2023-03-31       355       

زانكۆی جیهان-هەولێر، سكۆلەرشیپێكی بۆ تەواوكردنی خوێندنی باڵا بۆ دەرچوانی زانكۆكە راگەیاندو دەڵێت، تەواوی تێچوی خوێندنی ئەو خوێندكارانەیان لەئەستۆ دەگرن كە لە ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێن

ئاوێنە: زانكۆی جیهان-هەولێر لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"دواى ئەوەى لە چەند ڕۆژى ڕابردودا، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەرگاى پێشکەشکردنى بەڕوى خوازیارانى خوێندنى باڵا بۆ بەدەستهێنانى بڕوانامەى ماستەر و دکتۆر کردەوە، زانکۆى جیهان-هەولێریش لە دەستپێشخەرییەکى گرنگدا بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا گەورەترین سکۆلەرشیپ بۆ دەرچوەکانی بەمەبەستی تەواوکردنى خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان ڕادەگەیەنێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەو چوارچێوەیەدا، زانکۆى جیهان-هەولێر تەواوى دەرچوانى ئاگاداردەکاتەوە، هەر دەرچویەک ئارەزوى تەواوکردنى خوێندنى باڵاى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هەیە، دەتوانن داواکانیان پێشکەش بە زانکۆکان بکەن، بەشێوەیەک لە کاتى وەرگرتنیان زانکۆى جیهان-هەولێر تەواوى تێچوى خوێندنەکەیان بۆ (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەگرێتە ئەستۆ."

زانکۆى جیهان-هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە"دەرچوان دواى تەواوکردنى خوێندنى (ماستەر، دکتۆرا) لە زانکۆ حکومییەکانی ھەرێمی کوردستان، لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەپێى پسپۆڕییەکانیان دەرفەتى کارکردنیان بۆ دەڕخسێندرێ و دەبنە ستافى زانکۆى جیهان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×